
یاریگا –
وێڕای شکستە گەورەکەیان بەرامبەر شوڕته، راهێنەری نەورۆز ستایشی ئاستی یاریزانەکانی دەکات و بە جەنگاوەر ناویان دەبات.
لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە یاریگای خۆی بە ئەنجامێکی گەورە تووشی شکست هات و 3 _ 0 بە یانەی شوڕتە دۆڕا، وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز وێڕای شکستەکەیان دوای یارییەکە ستایشی ئاستی یاریزانەکانی کرد و بە جەنگاوەر ناوی بردن:
سوپاس بۆ سەرجەم یاریزانەکان، ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکرد و وێنەی جەنگاوەر بوون لە نێو یاریگادا، بە هیوام بەردەوام بن لەم رۆحیەتە بەرزه و لە یارییەکانی داهاتوو قەرەبووی ئەم شکستە بکەینەوە.
راهێنەری سوورپۆشەکانی نەورۆز هۆکاری شکستەکەشی باس کرد و هۆکاری سەرەکی بۆ بەخت و لە دەستدانی هەلەکان گەڕاندەوە:
دەرفەتی زۆرمان هەبوو بۆ گۆڵکردن بەڵام سەرکەوتوو نەبووین و بەخت لەگەڵ ئێمە نەبوو، پێچەوانەی شوڕتە کە لە دەرفەتی کەم توانیان گۆڵەکان تۆمار بکەن، کاردەکەین لەسەر ئەو خاڵانەی کە بوونە هۆی شکستە گەورەکەمان لەم یارییەدا.
لەم یارییەدا نەورۆز وێڕای یارینەکردنی پێنج یاریزانی، لە گێمی یەکەم هەریەک لە نیتۆ ئەکارای هێرشبەر و محەمەد حایکی بەرگریکار بە هۆی پێکانەوە یاریگایان جێهێشت.
نەورۆز بە کۆکردنەوەی 47 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە بەغدا رووبەڕووی کارەبا دەبێتەوە، شوڕتە 70 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



