
یاریگا –
دەگوترێت ئانتۆنیۆ رودیگەر لەنێو ژووری خۆگۆڕیندا زللەی لە ئالڤارۆ کارێراس داوە.
بەپێی راپۆرتەکان، رووداوێکی دیکەی نەخوازراو لەنێو ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید روویداوە. میگێل سێرانیۆی رۆژنامەنووس لە رادیۆی ئۆندا سێرۆ، رایگەیاند کە ئانتۆنیۆ رودیگەر زللەی لە ئالڤارۆ کارێراس داوە. دەگوترێت ئەم رووداوە لە ڤاڵدیبێباس و لە نێوان هەردوو یارییەکەی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس و ریال بێتیس روویداوە.
ئەمە دەبێتە کێشەیەکی دیکە لە وەرزێکی پڕ لە گرژی بۆ مەدرید، کە تێیدا باس لە بوونی ململانێ نەوەکوو تەنیا لە نێوان یاریزانەکان، بەڵکوو لە نێوان هەندێک لە یاریزانەکان و ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەریش دەکرێت. دانی سێبایۆس وەکوو نموونەیەک دەهێنرێتەوە کە دوای ناکۆکی لەگەڵ راهێنەر، لە لیستی پێکهاتەی یانەکە دوورخراوەتەوە.

هەروەها کارێراسیش شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا لەدەستداوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نە راهێنەر و نە یانەکە لە رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی رازی نین.



