
یاریگا –
ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئەستێرەی هێڵی ناوەندی یانەی ریال مەدرید، بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا باسی لەو کارتە سوورە کرد کە لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن وەریگرت.
کاماڤینگا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی Canal+ دان بەوەدا دەنێت کە ئەو رووداوە کاریگەرییەکی دەروونی قورسی لەسەر دروستکردووە.
یادەوەرییەکی ناخۆش
کامافینگا لەبارەی ئەو کارتە سوورەی کە لە ئالیانز ئارێنا وەریگرت، دەڵێت؛
کارتە سوورەکە؟ یادەوەرییەکی زۆر ناخۆشە. پێموایە رووداوێکی چاوەڕواننەکراو بوو کە زۆر کاری تێکردم، بەڵام ئەمە بەشێکە لە ژیانی یاریزان.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی ئەوە هەیە بەهۆی دابەزینی ئاستی لەم وەرزەدا، پێگەی لە لیستی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ مۆندیال لە مەترسیدا بێت.
تۆپی پێ و بێوەفایی میدیا
کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارەی ئەو رەخنە توندانەی رووبەڕووی بوونەوە، کاماڤینگا بە راشکاوی گوتی؛
پاش ئەوەی روویدا، هەموو شتێکم داخست و گوێم بە هیچ نەدا. پێم وایە ژیان بەبێ سۆشیاڵ میدیا باشترە. تۆپی پێ بێوەفایە؛ 10 یاریی یەک لەدوای یەک ئاستێکی نایاب پێشکەشبکەیت، خەڵک تەنیا ئەو یارییە خراپەیان لەبیر دەمێنێت کە تێیدا هەڵەت کردووە.
پشتیوانی ئێمباپێ و ژووری جلگۆڕین
ئەو یاریزانە فەرەنسییە ئاشکرای کرد کە یانەکە و هاوڕێکانی دەستبەجێ پشتیوانییان کردووە.
لە ژووری جلگۆڕین پێیان گوتم کە ئەوە هەڵەی من نەبووە و هەڵەی ناوبژیوان بووە. تەنانەت ڕۆژی دواتر یانەکە نامەی بۆ ناردم و دڵنیایان کردمەوە کە خەتای من نەبووە.

سەبارەت بە کاردانەوەی کیلیان ئێمباپێ، کاماڤینگا گوتی؛
ئێمباپێ زۆر هاوسۆزم بوو. بەیانی دواتر کە منی بینی، باوەشێکی توندی پیاکردم. هەرچەندە ئێمە هەمیشە هاوڕێین، بەڵام ئەو بەیانییە هەستم کرد کە ئەو بە تەواوی لەو فشارە تێدەگات، چونکە خۆشی ئەزموونی زۆری لەگەڵ رەخنەکاندا هەیە.



