تیێری هێنری: لامین یامال وەکوو یاریزانێکی نێو کۆڵانەکان یاریی دەکات
ئەفسانە فەرەنسییەکە پاڵێوراوەکانی بۆ مۆندیالی 2026 دیاریدەکات

یاریگا –
تیێری هێنری، ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، یانەی ئارسیناڵ و بارسێلۆنا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لە لەندەن، تیشکی خستە سەر چەندین پرسی گرنگی جیهانی تۆپی پێ، کە گرنگترینیان درەوشانەوەی ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا، لامین یامال بوو.
هێنری لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆژنامەی مارکا سەرسامیی خۆی بۆ لامین یامال دەردەبڕێت، نەک تەنها بۆ تەکنیکەکەی، بەڵکو بۆ ژیری و تێگەیشتنی بۆ یارییەکان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا. هەروەها دەڵێت مۆندیالی 2026 زۆر تایبەت دەبێت چونکە لە سێ وڵاتە، و پاڵێوراوە سەرەکییەکانیش بە لای ئەوەوە بریتین لە ئەرجەنتین، فەڕەنسا و ئیسپانیا. سەبارەت بە مێسی و رۆناڵدۆش قسەی خۆی دەکات.
ژیریی لامین یامال هێنری تووشی شۆک کردووە
ئەوەی لە لامیندا سەرسامم دەکات، ژیرییەکەیەتی. ئەو وەکوو یاریزانێکی نێو کۆڵانەکان بە ئازادی و بێ فشار یاریی دەکات.
هێنری ئاماژەی بەوە کرد کە لە یاری یپێش کۆتایی یۆرۆی رابردوو دژی فەرەنسا، یامال لە تەمەنی 17 ساڵیدا توانیویەتی کۆنترۆڵی ریتمی یارییەکە بکات و بزانیت کەی هێرش ببات و کەی یارییەکە خاو بکاتەوە، ئەمەش بە لای هێنرییەوە نیشانەی یاریزانێکی گەورەیە.
مێسی و رۆناڵدۆ؛ دوو ئەفسانە لە دەرەوەی گەردوون
کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارە گەیشتنی مێسی و رۆناڵدۆ بە شەشەم مۆندیالیان، هێنری بەم جۆرە وەڵامی دایەوە؛
ئەوان ئاسایی نین. نهێنیی ئەوان لەوەدایە کە چۆن ژیانیان رێکخستووە؛ خواردنی باش، دوورکەوتنەوە لە ئاهەنگگێڕان و مەشقکردنی زۆر. ئەوان وەکوو نادال و فێدێرێر وان، یەکتریان کردووە بە یاریزانی باشتر. من مێسیم خۆشدەوێت چونکە هاوڕێم بووە، بەڵام قەت دژی کریستیانۆ قسە ناکەم، چونکە هەردووکیان لەسەر مانگی تۆپی پێ دەژین.
پەیامێک بۆ ئێمباپێ و ئۆلیس
هێنری هیوای خواست کیلیان ئێمباپێ بەوپەڕی ئامادەییەوە بگەڕێتەوە بۆ مۆندیال پاش وەرزێکی پڕ لە پێکان و ناخۆشی لەگەڵ ریال مەدرید. هەروەها ستایشی مایکل ئۆلیسی کرد و بە یاریزانێکی نایاب لە قەڵەمی دا، چ لە کاتی هەبوونی تۆپ یان بێ تۆپ.



