محەمەد سەڵاح؛ دەمەوێت وەکوو یەکێک لە باشترینەکان یادم بکرێتەوە
لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ جێرارد، سەڵاح باس لە چەند شتێکی نەبیستراو دەکات

یاریگا –
محەمەد سەڵاح ئاشکرای کرد کە میوانداریکردنی ستیڤن جێراردی ئەفسانەی لیڤەرپوول بۆ خوانێکی ئێوارە، رۆڵێکی گەورەی لە داڕشتنی بڕیاری رۆیشتنی ئەم هاوینەی لیڤەرپوول بینیوە.
هێرشبەرە میسڕییەکە لە مانگی ئازاردا رایگەیاند کە لە کۆتایی وەرزەکەدا لیڤەرپوول جێدەهێڵێت و کۆتایی بە مانەوەیەکی مێژوویی نۆ ساڵە لە یانەکە دەهێنێت، کە تێیدا دوو نازناوی پرێمەرلیگ و سەرکەوتنێکی مێژوویی لە چامپیۆنزلیگی وێفا بەدەستهێنا. بە 257 گۆڵ و 122 ئەسیست لە 440 یارییدا بۆ لیڤەرپوول، سەڵاح نەوەکوو تەنیا وەکوو یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی یانەکە دەڕوات، بەڵکوو لە تەواوی پریمەرلیگیشدا بە هەمان شێوەیە.
براوەی سێ جار خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی پرێمەرلیگ لە بەرنامەی The Breakdownـی کەناڵی TNT Sports قسەی لەگەڵ جێرارد کرد، ئاشکراشی کرد کە چۆن کاپتنی پێشووی رێدز بۆ خوانێکی ئێوارە سەردانی ماڵەکەی کردووە و سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆیشتنی لە یانەکە ئامۆژگاریی کردووە.
Steven Gerrard sits down with Mo Salah for one of his final interviews as a Liverpool player 🥹
Watch the latest episode of The Breakdown, now live on YouTube! 📺 pic.twitter.com/GhyF75sCUD
— Football on TNT Sports (@footballontnt) May 1, 2026
محەمەد سەڵاح گوتی:
بەڵێ، ئێستا دڵخۆشم. بیرمە کە ئەو گفتوگۆیەمان کرد، پێزانینم بۆی هەبوو. پێم وایە خەڵک نەیاندەزانی کە تۆ هاتیتە ماڵەکەم. هیوادارم خوانێکی ئێوارەی خۆش بووبێت! گفتوگۆیەکی باشمان کرد و تۆ رای خۆتت گوت، بەڕاستی بەڕاستی پێزانینم بۆی هەیە. دڵخۆشم کە ئێستا لە دەرگایەکی گەورەوە دەڕۆم و پێم وایە ئەمەشت پێگوتم، رۆیشتن بە مەرجەکانی خۆت و هێشتا ئەو وشانەم بیرە. بۆیە بەڵێ، دڵخۆشم بەوە… کاتی رۆیشتنە.
هێرشبەرەکەی لیڤەرپوول درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی:
من لە پڕێکدا نەبوومە کوڕێک، بۆیە وەرزی رابردوو، وەرزە سەرسوڕهێنەرەم هەبوو. پێم وایە هێشتا شتی زۆرم ماوە پێشکەشی بکەم و بزانم چی بۆ من باشترینە. بەڵام لەماوەی وەرزەکەدا هەستم کرد کاتێکی گونجاوە و لەگەڵی بڕیارەکەم ئاسوودەم. وەرزەکە بۆ هەموومان سەخت بوو بۆیە نامەوێت شتی زۆر بڵێم.

بەشێکی زۆری وەرزی 2024/2025 خەمڵاندنێکی بەردەوام دەوری سەڵاحی دابوو، کە وەرزێکی رێکۆردشکێن بوو بۆ هێرشبەرەکە، 29 گۆڵ و 18 ئەسیستەکەی رێکۆردی زۆرترین بەشداریی گۆڵی لەلایەن یاریزانێکەوە لە یەک وەرزی پریمەرلیگدا یەکسان کردەوە و یارمەتی تیمەکەیدا نازناوەکە بباتەوە.
فیرعەونە میسڕییەکە بە واژۆکردنی گرێبەستێکی دوو ساڵە لە نیسانی 2025، کۆتایی بە گومانەکانی سەر داهاتووی هێنا، بەڵام ساڵێک پێش تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی ئانفێڵد جێدەهێڵێت و دەشڵێت؛ “بژاردەی زۆرم هەیە، کە بژاردەی باشن” بۆ بەردەوامبوون لە کاروانە وەرزشییەکەی لە شوێنێکی دیکە.
ئاماری سەڵاح لە وەرزی 2025-2026، 12 گۆڵ و نۆ ئەسیستە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا – کەمترینە لە وەرزێکدا لەو کاتەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، کە ئەمەش گوزارشت لە جێگیریی ئاستی دەکات لە ماوەی نۆ ساڵی یاریکردنی لە یانەکەدا.

سەڵاح ئاماژەی بەوەش کرد کە دروستکردنی ناوبانگێک وەکوو ئەفسانەیەکی لیڤەرپوول، لە ئاستەکانی جێرارد و کێنی دالگلیش، لە پاراستنی ئەو ئاستە بەرزە پاڵپنەری بووە و دەڵێت:
دەتوانم بڵێم ویست، بەڕاستی دەمویست سەرکەوتوو بم. بەڕاستی دەمەوێت لەم یانەیە یاد بکرێمەوە. پێم وایە دوای ساڵی یەکەم، بە خۆمم دەگوت دەمەوێت خەڵک وەکوو یەکێک لە باشترینەکان منیان لە یاد بمێنێت. ئەوەش بە جۆرێک لە جۆرەکان چووە مێشکمەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ستیڤن جێرارد دەڵێت:
دەمەوێت خەڵک زیاتر لە تۆ [مەبەستی جێراردە]، زیاتر لە کێنی منیان لەبیر بێت. هەوڵ نادەم بێڕێز بم. بۆ من، شتێک شێتم دەکات و هانم دەدات کە بە قورسی هەوڵ بدەم، کە یەکەم کەس بم بگەمە هۆڵی وەرزش، کە هەموو شتێک بە دروستی بکەم، چونکە دەمەوێت هەمیشە خەڵک بۆ رەوشتی کارکردنم ستایشم بکەن. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەوە تەنیا ئارەزووییەکە.
ترسێک هەبوو کە رەنگە سەڵاح جارێکی دیکە یاری بۆ لیڤەرپوول نەکاتەوە، دوای ئەوەی رۆژی شەممە بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس لە ماسولکەی پشتەوەی رانیدا تووشی پێکان بوو. بەڵام سەڵاح بە جێراردی گوت کە پێش تەواوبوونی وەرزەکە دەگەڕێتەوە، واتە پێدەچێت بەرامبەر برێنتفۆرد لە دوایین رۆژی وەرزەکەدا ماڵاواییەکی شایستەی لێبکرێت، کە ئەمەش هاوکات دەبێت لەگەڵ گەڕانەوەی جۆردن هێندەرسنی کاپتنی پێشوو یانەکە بۆ ئانفێڵد.

سەڵاح کورتەنامەکانی جێرارد و مۆرینیۆ ئاشکرا دەکات
پێش یەکەم ناساندنی بە پریمەرلیگ لەگەڵ چێڵسی لە وەرزی 2013/14، سەڵاح لەگەڵ یانەی بازلی سویسری یاری دەکرد. لە کانوونی دووەمی 2014 پەیوەندی بە چێڵسییەکەی جۆزێ مۆرینیۆوە کرد، بوو بە بەشێک لەو تیمەی کە لەو ساڵەدا لە لیڤەرپوولەکەی جێراردیان بردەوە و نازناوەکەیان بەدەستهێنا.
سەڵاح ئاشکرای کرد کە لەو کاتەی مۆرینیۆ گرنگییەکی زۆری بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵی نیشان دەدا، نامەیەکی لە جێراردەوە پێگەیشتبوو و گوتی:
بیرمە کاتێک لیڤەرپوول نزیک بوو لە بردنەوەی پرێمەرلیگ لە ساڵی 2013، یان 2014. نەخێر، بەڵام بیرتە کە نامەیەکت بۆ ناردم کاتێک لە بازل بووم؟ نامەیەکت بۆ ناردم، دەتویست قسەم لەگەڵ بکەیت و مۆرینیۆ خەریک بوو قایلمبکات کە دەبێت بچمە ئەوێ، جۆزێ نامەی بۆ ناردم و گوتی، ‘دەمەوێت قسەت لەگەڵ بکەم’، پاشان مۆبایلەکەم کوژاندەوە و وەڵامم نەدایەوە.
هەرچەندە سەڵاح لە کۆتاییدا درێسی چێڵسی پۆشی، بەڵام ماوەی مانەوەی لە رۆژاوای لەندەن درێژخایەن نەبوو. یانەکەی جێهێشت بۆ ئەوەی پەیوەندی بە فیۆرێنتیناوە بکات و هەروەها ماوەیەکیشی لە رۆما بەسەر برد پێش ئەوەی لە 2017 بچێتە ئانفێڵد.

هەرگیزا و هەرگیز لە یادی ناکەم
لە ماوەی یاریکردنیدا لە یانە جیاوازەکانی سەرتاسەری ئەوروپا، بە گوتەی سەڵاح هیچ ئەزموونێک نزیک نەبووەتەوە لە دووەم نازناوی پرێمەرلیگ لەگەڵ لیڤەرپوول، کە یەکەم نازناویان لە وەرزی 2019-2020ـی کاریگەر بە کۆڤید-19 بەدەستهێنابوو.
سەڵاح دەڵێت:
هیچ شتێک ناگاتە وەرزی رابردوو، بردنەوەی پریمەرلیگ لەگەڵ هاندەران لە یاریگا و شکاندنی ریکۆرد. وەکوو یاریزانێک هیچ شتێکی دیکە لەوە زیاترت ناوێت. دەتەوێت لە وەرزێکدا لە یانەیەکی وەکوو لیڤەرپوول لەو ژمارە زۆرە لە گۆڵ و ئەسیستەدا بەشدار بیت. نامەوێت لە گرنگی هیچ یانەیەکی دیکە کەم بکەمەوە، بەڵام بردنەوەی پرێمەرلیگ بۆ ئەم یانەیە بە تەواوی لە هەر یانەیەکی دیکە جیاوازترە. بۆیە خەیاڵی خۆت لەوەدا بکە، پریمەرلیگ بەو کاریگەرییە، بەو گۆڵە، بەو ئەسیستە، بەوە… نزیکەی هەموو نازناوێکی تاکەکەسی، ئەوە شتێکە کە هەرگیزا و هەرگیز لە یادی ناکەم.



