
یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ئێستای یانەی بێنفیکا، بەربژێری دڵخوازی فلۆرێنتینۆ پێرێزە بۆ ئەوەی جێگەی ئالڤارۆ ئاربێلوا بگرێتەوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی ریال مەدرید خەریکە وەرزێکی دیکەش بێ نازناو بەڕێدەکات، پێرێز بڕیاریداوە خۆی سەرپەرشتی دۆسیەی راهێنەری نوێ بکات، ئەمەش بەپێچەوانەی وەرزی رابردوو کە چابی ئاڵۆنسۆ لەسەر داوای خۆسێ ئانخێل سانچێز بە راهێنەری یانەکە دەستنیشانکرا.
🚨 Jose Mourinho preferred candidate of Florentino Perez to become next Real Madrid head coach. Support not universal inside #RMFC but president driving process so 63yo strong contender. ~€3m break clause in Benfica deal. W/ @MarioCortegana @TheAthleticFC https://t.co/7FqeSOBh68
— David Ornstein (@David_Ornstein) April 28, 2026
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، پێرێز ئێستا گەورەترین پشتیوانی گەڕانەوەی مۆرینۆیە، بەڵام هەندێک دەنگی دیکە لەنێو یانەکەدا دژی ئەم بڕیارەن.
پێرێز دەیەوێت پڕۆژەی یانەکە بونیاد بنێتەوە کە تووشی پاشەکشە بووە؛ ریال مەدرید خەریکە بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک بێ هیچ نازناوێکی گەورە (لالیگا، چامپیۆنزلیگ یان جامی شا) وەرزەکە بەڕێدەکات، دەیەوێت ئەو پڕۆژەیە بە مۆرینیۆ بسپێرێت.
سەرەڕای سەرکەوتنەکانی، بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ ئیکەر کاسیاس و گرژییەکانی لەگەڵ هاندەران و میدیاکان، تەواوی بەرپرسانی مێرێنگی پشتیوانی گەڕانەوەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە ناکەن.
هەروەها مۆرینیۆ لەم وەرزەدا رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە بەهۆی لێدوانەکانی دوای یارییەکەی بێنفیکا و ریال مەدرید لە 17ـی شووبات؛ کاتێک ڤینیسیۆس جۆنیۆر تۆمەتی سوکایەتی رەگەزی ئاراستەی جیانلوکا پرێستیانی کرد، مۆرینیۆ گوتی ئەوەی کرد کە ڤینیسیۆس خۆی هۆکار بووە بۆ هاندانی ئەو رووداوە.
مۆرینیۆ لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو پەیوەندی بە بێنفیکاوە کرد و تاوەکوو حوزەیرانی 2027 گرێبەستی هەیە. بەڵام بڕگەیەک لە گرێبەستەکەیدا هەیە کە رێگەی پێ دەدات بە بڕی سێ ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەو مەرجەی بڕیارەکە لە ماوەی 10 رۆژ دوای کۆتا یاریی وەرزدا بدرێت.



