بارسێلۆنا خۆی بۆ پێنج یاریزانی تۆتنهام مەڵاس داوە

یانەی بارسێلۆنا لە یەک کاتدا چاودێری پێنج یاریزانی تۆتنهام دەکات بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوو بیانگوازێتەوە ئەگەر ئەو یانەیە دابەزی بۆ خولی چامپیۆنشیپ.
تەنها چوار یاری لەم وەرزەی پریمەرلیگ ماوە و تۆتنهام لە ناوچەی دابەزینە بە جیاوازی دوو خاڵ لەدوای وێستهامەوە. دابەزینی زەبەلاحەکەی پریمەرلیگ چیتر تەنها گریمانە نیە و مانەوەی ئەو یانەیە ئەستەم بووە. ئەمەش وایکردووە یانەکان چاویان هەوڵی رفاندنی یاریزانەکانیان بدەن ئەگەر هاتوو ئەو یانە دابەزی.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی کاتالۆنی، خواستی یەکەمی بارسا لەو یانەیە چاڤی سیمۆنە کە هاوینی رابردوو روویکردە تۆتنهام و دەرچووی ئەکادیمیای بارسێلۆنایە. ناوی دووهەم لوکاس بێرگڤاڵی ناوەڕاستکاری گەنجی سپێرزە. بێرگڤاڵ بەر لە پەیوەندیکردن بە یانەکەی ئێستایەوە پێشتر نزیک بوو لەوەی ببێتە یاریزانی بارسا بەڵام سەرەنجام تۆتنهامی هەڵبژاردبوو.
بۆ بارسێلۆنا، ئەوە یەکلابووەتەوە کە پێویستی بە یاریزانی دڵی بەرگرییە. بلەوگرانا دەیەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی کریستیانۆ رۆمێرۆ و میکی ڤان دی ڤێن کە دوو ئەستێرەی دیاری تۆتنهامن.
ناوی پێنجەم لە لیستەکەی بارسادا، پێدرۆ پۆرۆ یە. ناوبراو بەرگریکاری باڵی راستە و سەرباری خراپیی ئاستی یانەکە لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەبینرێت. هەروەها دابەزینی ئاستی ژوڵ کوندێ وایکردووە بارسا چاوی لە جێگرەوەیەک بێت. هاوکات ئەوەی پۆرۆ رەگەزنامەی ئیسپانییە قازانجێکی دیکەیە بۆ بارسا.
بارسا دەیەوێت بە بڕە پارەیەکی کەم ئەو یاریزانانە بگوازێتەوە بە سوود وەرگرتن لە دابەزینی یانەکە بەڵام ئەو ئەرکەی ئاسان نابێت و زۆر یانەی دیکەی ئەورووپاش چاویان لەسەر ئەو ناوانە و بەشێکی دیکە لە ئەستێرەکانی تۆتنهامە.



