فەرمی؛ سزاکەی جیانلوکا پرێستیانی راگەیەنرا
سزاکە مۆندیالیش دەگرێتەوە؟

یاریگا –
لیژنەی تەمبێکردنی یوێفا بڕیاری کۆتایی دەربارەی دۆسیەی جیانلوکا پرێستیانی، یاریزانی یانەی بێنفیکا دەرکرد، کە بەهۆی سووکایەتیکردن بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید، رووبەڕووی سزایەکی قورس بووەتەوە.
سزاکە و هۆکارەکەی
پرێستیانی بۆ شەش یاری بێبەش کرا کە سێ یارییان بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە واتا لەژێر تاقیکردنەوە دەبێت و ئەگەر هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە، سزاکەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناخی 32ـی چامپیۆنزلیگ، ڤینیسیۆس جۆنیۆر رایگەیاند کە یاریزانە ئەرجەنتینییەکە دوای کردنی گۆڵێک پێی گوتووە مەیموون. هەرچەندە لە بەیاننامە فەرمییەکەدا ئاماژە بە رەفتاری جیاکاری واتە سووکایەتیکردن بە هاوڕەگەزخوازن کراوە، بەڵام بنەمای کێشەکە سووکایەتیکردن بووە بە یاریزانە بەڕازیلییەکە.
هەڕەشە بۆ سەر مۆندیال
ئەو خاڵەی کە ئەم بڕیارە دەکاتە مێژوویی، ئەوەیە کە یوێفا بە فەرمی داوای لە فیفا کردووە ئەم سزایە بۆ هەموو جیهان بگشتێنێت. ئەگەر فیفا رەزامەندی لەسەر بدات، پرێستیانی ناتوانێت لە هیچ یارییەکی فەرمیدا بەشداریی بکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو یاریزانە لاوە مۆندیالی 2026 لەگەڵ ئەرجەنتین لەدەستدەدات.
پێشینەی کێشەکە
پرێستیانی پێشتر بەهۆی ئەم کێشەیەوە یاریی گەڕانەوەی لە بێرنابیۆ لەدەستدابوو، دوای ئەوەی تانەکەی لەلایەن یوێفاوە رەتکرایەوە. ئێستا بەم بڕیارە نوێیە، نەک هەر یانەی بێنفیکا، بەڵکوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش لە قەیرانێکی گەورەدایە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی فیفا دەکەن.
Benfica’s Gianluca Prestianni has been handed a six-match suspension – three of which are suspended for a probationary two-year period – by UEFA for homophobic conduct.
Real Madrid forward Vinicius Junior alleged Prestianni had racially abused him during the Champions League… pic.twitter.com/ugDLRQAVXu
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) April 24, 2026



