
یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەگەڵ تەڵەبە یەکسان بوو، وەلی کەریمی راهێنەری نەورۆز دەڵێت ناوبژیوان لە دوا خولەک سێ خاڵەکەی لێ بردین.
لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 2 لەگەڵ تەڵەبە یەکسان بوو، لە دوا خولەکی یارییەکە تەڵەبە بە لێدانێکی سزای گوماناوی گۆڵی یەکسان بوونی تۆمار کرد، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکەش نەورۆز بە یاننامەی ناڕەزایی دژی ناوبژیوان و ناوبژیوانانی ڤاڕ دەربڕی.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە یانەی نەورۆز سکاڵا لە دژی ناوبژیوانانی یارییەکە لە لیژنەی ناوبژیوانان لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق تۆمار دەکەن، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەش رێککاری تووندتر دەگرنەبەر، قبوڵیش ناکەن جارێکی دیکە ئەم ناوبژیوانە یارییەکانی نەورۆز بەڕێوەببات.
وەلی کەریم، دەربارەی یەکسان بوونەکەیان لە یارییەکەدا گووتی:
یارییەکی باشمان کرد و ئەگەر ناوبژیوان نەبووایە سێ خاڵەکەمان بەدەست دەهێنا، تەڵەبە لە هەڵەیەکی ئێمە گۆڵی تۆمار کرد، بەڵام گێمی دووەم خۆمان بەباشی رێکخستەوە و دوای چەند گۆڕانکارییەک ئاستی تیپەکە بەرەو پێشچوو توانیشمان دوو گۆڵ تۆمار بکەین، تەڵەبە وێڕای بەهێزیەکەی بەڵام ئێمە شایەنی سێ خاڵ بووین، سوپاس بۆ یاریزانەکانم بەباشی پلانەکانیان جێبەجێ کرد.
بەم یەکسان بوونە سوورپۆشەکانی سلێمانی خاڵەکانی گەیاندە 43 خاڵ و لە ریزبەندی نۆیەم دێت، گەڕی داهاتووش لە یارییەکی بەهێزدا لە سلێمانی میوانداری قوە جەوییە دەکات، تەڵەبەش 58 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەم دێت.



