بارگرانییەکی نوێ بۆ یانەکانی پرێمەرلیگ؛ خەرجییەکانی رێکخەری سەربەخۆ کێشە دروست دەکات
دەزگایەکی ئەمریکی دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیران لە نێوان یانەکانی ئینگلتەرا و حکومەت.

یاریگا –
یانەکانی پرێمەرلیگ تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بەرزبوونەوەی بودجەی ‘رێکخەری سەربەخۆی تۆپی پێ’ و ئەو ناڕوونییەی کە لە بارەی خەرجییەکانی ئەو دەزگایەدا هەیە پێشان دەدەن.
بودجەیەک کە سنووری تێپەڕاندووە
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی گاردیان، بودجەی ئەم دەزگایە کە بڕیار بوو ساڵانە تەنیا 10 ملیۆن پاوەند بێت، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەوەی یانەکانی زیاتر نیگەران کردووە، دامەزراندنی کۆمپانیای ‘Boston Consulting Group’ـی ئەمریکییە، کە بە یەکێک لە گرانبەهاترین کۆمپانیا راوێژکارییەکانی جیهان دادەنرێت.
دەزگاکە چییە و بۆچی دروست کرا؟
رێکخەری سەربەخۆی تۆپی پێ، دەزگایەکیی نوێی حکومییە کە ئامانجی سەرەکیی چاودێریکردنی وردی یانەکانی تۆپی پێیە لە ئینگلتەرا. دوای ئەوەی چەند یانەیەکی ئینگڵتەرا بەهۆی کێشەی داراییەوە هەرەسیان هێنا، هەروەها دوای هەوڵی شکستخواردووی یانە گەورەکان بۆ دروستکردنی سوپەرلیگ، حکومەتی بەریتانیا بڕیاریدا دەزگایەک هەبێت رێگری لەم کارانە بکات و پارێزگاری لە کلتووری تۆپی پێ بکات.
بۆچی یانەکان لێی ناڕازین؟
ئێستا حکومەتی بەریتانیا خەرجییەکانی ئەم دەزگایە دابین دەکات، بەڵام لە وەرزی 2027-2028ـەوە حکومەت پشتگیرییە داراییەکانی رادەگرێت و دەبێت 116 یانەی ئینگلتەرا لە پرێمەرلیگەوە تاوەکوو خولی نیشتمانی، ئەو بودجەیە دابین بکەن. یانەکانی پرێمەرلیگ کە خۆیان لە وەرزی رابردوودا 1.65 ملیار پاوەند زیانیان هەبووە، نایانەوێت هیچ بارگرانییەکی دیکەی دارایی بخریتە سەریان.
ناڕوونی لە دابەشکردنی باجەکان
تاوەکوو ئێستا دیار نییە کە هەموو یانەکان بە یەکسانی باج دەدەن، یان ئەو یانانەی لە چامپیۆنزلیگ یاریی دەکەن دەبێت بڕێکی زیاتر بدەن. ئەم ناڕوونییە بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆکایەتی دەزگاکە لە کۆبوونەوەکانیاندا رووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یانەکان ببنەوە.



