گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

زانیاریی نوێ بڵاو دەکاتەوە؛ فیفا ناوبژیوانێکی ناوداری پرێمەرلیگ لە ئەرکەکەی دەکێشێتەوە

بڕیاربوو ناوبژیوانی یارییەکەی ئێکوادۆر و کۆتیڤیوار بکات

Yariga App

یاریگا –

مایکڵ ئۆلیڤەر لە یارییەکی پاڵەوانییەتی مۆندیالدا دەگۆڕدرێت و فیفا زانیاریی نوێ لەسەر ناوبژیوانەکەی پرێمەرلیگ بڵاودەکاتەوە.

فیفا لە سەرەتای پاڵەوانییەتییەکەدا گۆڕانکارییەکی لە ناوبژیواناندا راگەیاند، دوای ئەوەی مایکڵ ئۆلیڤەری ناوبژیوانیی ئینگلیزی بەهۆی پێکانەوە ناچار بوو لە یەکەم ئەرکی خۆی لە پاڵەوانییەتی مۆندیالدا بکشێتەوە. بڕیار بوو ناوبژیوانەکەی پرێمەرلیگ سەرپەرشتیی یارییەکەی گرووپی E لەنێوان ئێکوادۆر و کۆتیڤوار لە فیلادلفیا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی رۆژی دووشەممەدا بکات. بەڵام فیفا پشتڕاستی کردەوە کە ئۆلیڤەر ناوبژیوانیی ئەو یارییە ناکات.

لە بەیاننامەیەکدا فیفا رایگەیاند:

بەهۆی پێکانێکی سووکەوە، ناوبژیوان مایکڵ ئۆلیڤەری ئینگلیزی بە فرانسیۆس لێتێکسەری فەڕەنسی گۆڕدرا. پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئۆلیڤەر جارێکی دیکە بۆ دەستنیشانکردن ئامادە بێتەوە.

کشانەوەی ئەو بەو مانایەش دێت کە هاوکارە بەریتانییەکانی دیکەی، ستیوارت بێرت و جەیمس مەینوارینگ، کە وەکوو یاریدەدەری ناوبژیوان دەستنیشانکرابوون، بەشداریی لە یارییەکەدا ناکەن. فیفا پشتڕاستی کردەوە کە سیریل مۆنیێ و مەهدی رەحمانی لەبری ئەوان لەگەڵ لێتێکسەری خاوەن ئەزمووندا کار دەکەن.

مایکڵ ئۆلیڤەر، ناوبژیوانی ئینگلیزی

ئۆلیڤەر، کە لە بەرزترین ئاستدا لە پاڵەوانییەتییەکانی وەکوو خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، مۆندیالی 2022 و یۆرۆی 2024 ناوبژیوانیی کردووە، پێشتر باسی لە ئەزموونی بێوێنەی ناوبژیوانیی لە پاڵەوانییەتییە نێودەوڵەتییە گەورەکاندا کردبوو.

پێش دەستپێکردنی یۆرۆی 2024 گوتبووی:

چاوەکانی جیهان لەسەر ئەم پاڵەوانییەتییەیە. کاتێک دەگەیتە یاریگاکە، هەست بەوە دەکەیت کە کەشەکە جیاوازە. فشارەکە، کێبڕکێکە و کوالێتی یارییەکان هەموویان بەرزترن. تۆ ئاگاداری ئەو فشارەیت، بەڵام تەنیا هەوڵ دەدەیت بە باشترین شێوەیەک کە بتوانیت خۆت ئامادە بکەیت و دڵنیا بیت لەوەی بۆی ئامادەیت. تێگەیشتنێک هەیە کە ئێمە پێنج خولەک پێش دەستپێکردنی یارییەکە دێین، یەکسەر دوای یارییەکە دەڕۆین و بۆ ماوەی هەفتەیەک بیر لە تۆپی پێ ناکەینەوە. بەڵام ئێمە راهێنان و کارێکی زۆر دەکەین بۆ ئەوەی باشترین بین و هەڵەکان کەم بکەینەوە. کەس پێویست ناکات دوای یارییەک پێم بڵێت باش بووم یان نا. من خۆم لە هەر کەسێکی دیکە زیاتر ئەوە دەزانم.

ئۆلیڤەر لە ساڵی 2012ـەوە ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لیستی فیفایە و لە ساڵی 2018ـشەوە ئەندامی گرووپی بژاردەی یوێفایە. پێشبینی دەکرێت ناوبژیوانە ئینگلیزییەکە بە خێرایی چاک ببێتەوە و بۆ خولی داهاتووی یارییەکانی قۆناخی گرووپەکان جارێکی دیکە ئامادە بێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button