ئیسپانیاگرنگترین

پاداشتی بوون بە پاڵەوان؛ خاڤیێر ناڤاڕۆ بانگێشتی تیپی یەکەمی ریال مەدرید دەکرێت

پاڵەوانەکەی چامپیۆنزلیگی لاوان گەیشتە تیمی یەکەم

Yariga App

یاریگا –

خاڤێیر ناڤاڕۆ، ئەو ناوەی دوێنێ شەو بووە کابوسی یاریزانانی کڵەب بروج، ئەمشەو خەونێکی دیکەی بۆ دەێتە دی و دەچێتە ناو لیستی یاریزانانی ئالڤارۆ ئاربێلوا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس، ئاربێلوا بڕیاریداوە بۆ یارییەکەی ئەمشەوی ریال مەدرید بەرامبەر ئالاڤێس، ناڤاڕۆی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی لاوان بانگێشت بکات.


پاڵەوانەکەی چامپیۆنزلیگی لاوان
ناڤاڕۆ تەنیا لە ماوەی چەند رۆژێکدا بووە پاڵەوانێکی بێرکابەر، لە یاریی پێش کۆتایی بەرامبەر پاریس سانجێرمان سێ لێدانی سزای گەڕاندەوە،  دوێنێش لە یاریی کۆتایی بەرامبەر بروج دوو لێدانی دیکەی گەڕاندەوە و نازناوەکەی بۆ ریال مەدرید بردەوە.

هۆکاری بانگهێشتکردنەکەی
بەهۆی پێکانێکی کتوپڕی فران گۆنزالێس لە کاتی مەشق و راهێنانەکاندا، ئاربێلوا بڕیاریداوە ناڤاڕۆ بانگهێشت بکات تاوەکوو لەگەڵ لونین و مێسترێ لیستی گۆڵپارێزەکان تەواو بکەن. ئەمە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای درەوشانەوەی ئەو گۆڵپارێزە دێت لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی لاوان.

ستایشی کۆرتوا و مەراسیمی رێزلێنان
ئاستی ناڤاڕۆ ئەوەندە بەرز بوو کە تیبو کۆرتوای گۆڵپارێزی یەکەمی یانەکە، لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی’ “بژیت خاڤی!” و دەستخۆشی لێکردووە. بڕیارە پێش دەستپێکردنی یارییەکەی ئەمشەو کاتژمێر 9:30 بە کاتی هەولێر، یاریزانانی تیپی لاوان نازناوەکە لە ناو یاریگای بێرنابیۆ پێشکەشی هاندەران بکەن و پاشان ناڤاڕۆ بچێتە سەر کورسیی یەدەکی تیمی یەکەم.

بابەتی زیاتر

Back to top button