
یاریگا –
ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئامادە بوو و وەڵامی ئەو فشارانەی دایەوە کە دوای کرانەدەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یانەکە بووەتەوە.
داهاتووی ئاربێلوا و حەوت یارییە کۆتاییەکە
سەبارەت بە مانەوەی لە پۆستەکەی، ئاربێلوا رایگەیاند؛
مانەوەم بڕیارێک نییە بەدەست من بێت، بە هیچ شێوەیەک نیگەرانی داهاتووم نیم و تەنیا نیگەرانی ئەم حەوت یارییەم، بە تایبەتی یارییەکەی سبەی.
جەختی لەوەش کردەوە کە ئێستا تەواوی سەرنجی لەسەر حەوت یارییەکەی کۆتایی وەرزی لالیگایە و گوتی؛
لە ریال مەدرید دۆڕاندن قبووڵکراو نییە، دەبێت هەر حەوت یارییەکەی داهاتوومان ببەینەوە.
بەرگری لە کاماڤینگا و ئێمباپێ
ئاربێلوا بە توندی بەرگری لە کاماڤینگا کرد دوای ئەو هەڵەیەی لە یاری بایرن میونشن روویدا و گوتی؛
کاماڤینگا وەکوو هەموومان زۆر خەمبارە، چونکە دەزانێت چامپیۆنزلیگ بۆ ریال مەدرید چەند گرنگە، ئەوەی روویدا هەڵەیەکی ناوبژیوانیی کوشندە بوو و نەیدەزانی کارتی زەردی هەیە.
هەروەها سەبارەت بە رەخنەکان لە ئێمباپێ، رایگەیاند؛
ناتوانم لە هیچ جووڵەیەکی ئێمباپێ دڵگران بم، چونکە لە هەردوو یارییەکەدا ئاستێکی گەورەی پێشکەش کرد و لە لایەنی بەرگرییەوە قوربانی زۆری، داوای تەواوبوونی یارییەکان چەندین جار سەیریان دەکەینەوە، من لە ئاستی ئێمباپێ ڕازیم و ئەو هەڕەشەیەکی بەردەوام بوو بۆ سەر بایرن میونشن، ئەمەش ئەو کیلیان ئێمباپێیە کە هەموومان دەمانەوێت بیبینین.
پەیامێک بۆ هاندەرانی بێرنابیۆ
راهێنەرەکەی مێرێنگی نیگەران نییە لە ناڕەزایەتی هاندەران و دەڵێت؛
نیگەران نیم، چونکە لە ناو شەقامەکاندا هەستم کردووە کە هاندەرانی مەدرید پشتیوانی تیپەکەن، دەبێت سبەی یارییەکی باش بکەین و شایستەی چەپڵەڕێزانی بێرنابیۆ بین، دەبێت بچینە ناو یاریگا و تەنیا بۆ بردنەوە یاریی بکەین.



