عێراقکوردستان

هەولێر میوانداری خراپترین یانەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەکات

راهێنەری هەولێر باسی زەحمەتی یارییەکەی بەرامبەر قاسم دەکات

Yariga App

یاریگا –

هەولێر میوانداری خراپترین یانەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەکات و راهێنەری هەولێریش باسی زەحمەتی یارییەکە دەکات.

لە گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، شەممە ( 18ـی نیسانی 2026 ) هەولێر کاتژمێر 5ـی ئێوارە لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی قاسم دەبێتەوە، هەولێر پێش ئەم یارییە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی هەولێر نزیکەی 75 رۆژە هیچ مووچە و شایستەیەکی داراییان وەرنەگرتووە، ئەمەش بووە هۆکار کە یاریزانەکان دوای یاریی نەفت دوو رۆژ بایکوتی مەشقەکان بکەن.

پێش یارییەکەی ئەمڕۆ، سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر بەڵێنی بە دەستەی راهێنەران و یاریزانەکان داوە کە لە ماوەی حەفت رۆژی داهاتوو مووچەی دوو مانگ بۆ تیپەکە خەرج بکات.

باسم قاسم، راهێنەری هەولێر دەربارەی یارییەکەیان بەرامبەر قاسم و ئامادەکاری تیپەکەی گووتی:

لە دوو رۆژی رابردوودا تووشی زەحمەتی زۆر بووینەوە بە هۆی بایکۆتی یاریزانەکان،قاسم هەوڵی بە دەستهێنانی یەکەم سەرکەوتن دەدات لە خولەکە بۆیە یارییەکە ئاسان نیە، دوای ئەم یارییەش دوو یاریی دیکەی زەحمەت چاوەڕێمان دەکات، دەمانەوێ لە کێبڕکێی ریزبەندی یانەکانی پێشەوە بمێنینەوە، پارێزگاریش لەو پێگەیە بکەین کە ئێستا یانەکەی تێدایە، هیوادارم چەند رۆژی داهاتوو دۆخەکە باشتر بێت لەوەی کە ئێستا هەیە، بەو پێیەی بەڵێنمان وەرگرتووە کێشە داراییەکان چارەسەر دەکرێن.

هەولێر بە 56 خاڵ لە ریزبەندی سێیەم دێت، دوای یەکسان بوونی شوڕتەی خاوەن ریزبەندی دووەم، هەولێر دەرفەتێکی لە پێشە ئەمڕۆ سەربکەوێت و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ شوڕتە کەم بکاتەوە بۆ یەک خاڵ، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر قوەجەوییە یاریی دەکات.

قاسم خراپترین یانەی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە، بەو پێیەی لە 28 یاریی خولەکە 27 شکست و یەک یەکسان بوونی هەیە و بە تاکە خاڵێک لە ریزبەندی 20ـو کۆتایی دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button