حەفت گۆڵپارێز لە گەڕی 16ـی خولی پلە یەکی کوردستان کلین شیتیان کردووە
ئامار و داتای گەڕی 16ـی خولی پلە یەکی کوردستان

یاریگا –
لە گەڕی 16ـی خولی پلە یەکی کوردستان حەفت گۆڵپارێز کلین شیتیان کردووە و رێژەیەکی زۆری کارتی زەرد و سووریش بەرزکراوەتەوە.
لە کۆی هەشت یاریی گەڕی رابردووی خولی پلە یەکی کوردستان 20 گۆڵ تۆمار کراوە، شەش گۆڵ لە گێمی یەکەم و 14 گۆڵیش لە گێمی دووەم کراوە، عەبدولڕەحمان ئەحمەد یاریزانی سێمێل خێراترین گۆڵی ئەم گەڕەی لە خولەکی 10 بەرامبەر کۆیە تۆمار کرد.
لە گەڕی 16ـی خولی پلە یەکی کوردستان حەفت گۆڵپارێز کلین شیتیان کردووە، روحەڵا شەریف لە خاک، عەلی موڕاد لە تەناهی، ئەحمەد جەلال لە بەردەڕەش، زانا جوزەل لە دهۆک، رەوەند عەجیل لە هەولێر، ئارش قەدیری لە چەمچەماڵ لەگەڵ بارق عەبدولڕەزاق لە زانکۆی جیهان کلین شیتیان لەگەڵ یانەکانیان کرد، گەورەترین ئەنجامیش بازیان بەدەستیهێنا و 5 _ 1 لە شۆڕجەی بردەوە.
لە تەواوی گەڕی رابردووی خولەکە 43 کارتی زەرد و سێ کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانانەوە بەرزکراوەتەوە، ئەمەش رێژەیەکی زۆرە بەراورد بە گەڕەکانی رابردوو، هەر دوو یانەی سۆران و خاک یاریی خاوێنیان کردووە و هیچ کارتێکیان وەرنەگرتووە.



