فەرمی؛ ئەستێرەیەکی گەورە جێهێشتنی پرێمەرلیگی راگەیاند

یاریگا –
بێرناردۆ سیلڤا، ناوەڕاستکاری پۆرتوگالی لەکۆتایی ئەم وەرزە ماڵئاوایی لە مانچێستەر سیتی دەکات.
بەشێوەیەکی فەرمی بێرناردۆ سیلڤا، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی رایگەیاند لە کۆتایی ئەم وەرزە مانچێستەر سیتی جێدەهێڵێت.
سیتیزێنز، کاتێک 9 ساڵ پێش ئێستا هاتمە ئێرە، شوێن خەونی کوڕێکی بچووک کەوتبووم، کە دەمویست لە ژیاندا سەرکەوتوو بم و شتی گەورە بەدەستبهێنم. ئەم شارە و ئەم یانەیە زۆر زیاتر لەوەیان پێ بەخشیم، زۆر زیاتر لەوەی کە هەرگیز هیوام بۆ دەخواست. ئەوەی پێکەوە بردمانەوە و بەدەستمانهێنا، میراتێکە کە بۆ هەمیشە لە ناو دڵمدا بە شیرینی دەمێنێتەوە. سێنتۆریۆنس (وەرزی 100 خاڵ)، چوارینەی ناوخۆیی، سێینە مێژووییەکە، چوار نازناوی پرێمەرلیگ لەسەریەک و زۆر شتی دیکە.. ئەوەندەش خراپ نەبوو.
دوای چەند مانگێکی دیکە، کاتی ئەوە دێت ماڵئاوایی لەو شارە بکەم کە نەک تەنیا وەکوو یانەیەکی تۆپی پێ تێیدا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، بەڵکوو شوێنێک بوو کە تێیدا هاوسەرگیریم کرد و خێزانم پێکهێنا. لە ناخی دڵمەوە، ئینێس و کارلۆتا، سوپاستان دەکەم!
بۆ هاندەران، پشتگیریی بێ مەرجی ئێوە بە درێژایی ئەو چەند ساڵانە، شتێکە کە هەرگیز لەبیری ناکەم. ئامانجی سەرەکیم وەکوو یاریزان ئەوە بوو هەمیشە بە سۆز و دڵسۆزییەوە یاریی بکەم، بۆ ئەوەی ئێوە هەست بە شانازی بکەن و بە باشترین شێوە لە ناو یاریگادا نوێنەرایەتی بکرێن. هیوادارم لە هەموو یارییەکدا هەستتان بەوە کردبێت. من وەکوو یاریزانێکی مان سیتی گەیشتم، بەڵام وەکوو یەکێک لە ئێوە دەڕۆم؛ وەکوو هاندەرێکی هەتاهەتایی مان سیتی. بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی ئەم تیپە گەنجە و دڵنیام لە داهاتوودا زۆر یادگاری نوێی ناوازەتان بۆ دروست دەکەن.
بۆ یانەکە، پێپ، ستاف و هەموو هاوڕێکانم لەم 9 ساڵەدا، سوپاستان دەکەم بۆ هەموو یادگارییەکان و بۆ ئەوەی رێگەتان دا بۆ ماوەیەکی وا درێژ بەشێک بم لەم گەشتە. ئەو کەشوهەوایەی هەموو رۆژێک لە یاریگای مەشق و راهێنان دروستمان دەکرد، وای لێ کردم هەست بکەم لە زێدی خۆمم و بەشێکم لە خێزانێکی گەورە. با پێکەوە چێژ لەم هەفتە کۆتایییانە وەربگرین و بجەنگین بۆ ئەوەی ئەم وەرزە هێشتا بۆمان دەهێنێت.
خۆشەویستیم بۆ هەمووتان،
بێرناردۆ
Thank you @ManCity 💙 pic.twitter.com/yznSiqxiPp
— Bernardo Silva (@BernardoCSilva) April 16, 2026
بێرناردۆ سیلڤا لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی کۆتایی دێت و وەکوو یاریزانێکی ئازاد یانەکە جێدەهێڵێت.
سیلڤا لە هاوینی 2017 مۆناکۆی فەرەنسی جێهێشت و بە 50 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی کرد.
ئەو ناوەڕاستکارە 31 ساڵانییە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 450 یاریی بۆ مانچێستەر سیتی کردووە، 76 گۆڵی کردووە و 77 گۆڵی دروستکردووە.
نازناوێکی چامپیۆنزلیگ، شەش پرێمەرلیگ، پێنج جامی خولی ئینگلتەرا، دوو جامی یەکێتی ئینگلتەرا، سێ جامی قەڵخان و یەک نازناوی جامی جیهانی یانەکانی لەگەڵ بلوو موون بەدەستهێناوە.



