سیمیۆنی مێژووی گۆڕی؛ ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتە گرێکوێرەی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ
رۆخی بلانکۆس و سیمیۆنی؛ دێوەزمەکەی بلاوگرانا لە ئەوروپا

یاریگا –
ئێستا ئاتلێتیکۆ مەدرید لەژێر دەستی دیێگۆ سیمیۆنی بووەتە یەکێک لە زلهێزەکانی ئەوروپا و جارێکی دیکە و بۆ سێیەم جار لە مێژووی چامپیۆنزلیگ، یانەی بارسێلۆنای لە قۆناخی چارەکی کۆتایی دەرکرد.
پێش ئەوەی سیمیۆنی لە ساڵی 2011 پۆستی راهێنەرایەتی رۆخی بلانکۆس وەربگرێت، یانەکە لە تەواوی مێژوویدا تەنها سێ جار گەیشتبووە قۆناخی پێش کۆتایی (1959، 1971 و 1974). بەڵام لە ژێر سایەی ئەم راهێنەرە ئەرجەنتینییە، چوارەمین جارە دەگەنە ئەم قۆناخە، ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ئەقڵیەتی یانەکەدا.

بارسێلۆنا؛ قوربانییەکی هەمیشەیی
قەدەر وایە کە ئاتلێتیکۆ هەمیشە لە رێگەی تێپەڕاندنی بارسێلۆناوە مەزنیی خۆی بسەلمێنێت. جارێکی دیکە و دوای تێپەڕاندنی نەوەکانی مێسی و سوارێز، ئەمجارە نۆرەی نەوەی نوێی بلاوگرانا بوو بە سەرکردایەتی لامین یامال کە لەبەردەم دیوارە بەرگرییەکەی سیمیۆنیدا تێکبشکێن.
ئێستا رۆخی بلانکۆس تەنیا دوو هەنگاو لە یاری کۆتایی دوورە. ئەوان لە قۆناخی پێش کۆتایی چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان ئارسیناڵ و سپۆرتینگ دەکەن و رەنگە سیمیۆنی بتوانێت ئەمساڵ ئەو دڕکە لە دڵ دەربهێنێت کە بەهۆی دۆڕانی دوو یاری کۆتایی بەرامبەر ڕیال مەدرید دروست بووە.



