
یاریگا –
ئەمڕۆ سێشەممە، جارێکی دیکە جیهانی تۆپی پێ و هاندەرانی ئەرجەنتین چاویان بڕیوەتە هۆڵەکانی دادگا لە شاری سان ئیسیدرۆ، کە تێیدا دادگاییکردنی حەوت ئەندامی تیمی پزیشکیی دیێگۆ مارادۆنا دەستیپێکردەوە.
رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، دووبارە دەستەی پزیشکی ماڕادۆنا دادگایی دەکرێن، ئەمەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو دادگایی یەکەم بەهۆی سەرپێچییەکی یاسایی دادوەرێکەوە هەڵوەشایەوە.
New trial over soccer legend Maradona’s death begins in Argentina https://t.co/KBoy87fLeo https://t.co/KBoy87fLeo
— Reuters (@Reuters) April 14, 2026
داواکارانی گشتی لەم دۆسیەدا پێیان وایە ئەو ماڵەی دوای نەشتەرگەری مارادۆنای لێ بووە، هیچ کام لە پرۆتۆکۆڵە پزیشکییە پێویستەکانی تێدا جێبەجێنەکراوە. پزیشکانی تۆمەتبار، لەوانە لیۆپۆڵدۆ لوکێ، پزیشکی مێشک و دەمار و ئاگوستینا کۆساچۆڤ، پزیشکی دەروونی، رووبەڕووی تۆمەتی ‘کوشتنی بەئەنقەست بەهۆی کەمتەرخەمییەوە’ بوونەتەوە.
لە بەرامبەردا، پارێزەرانی تیمی پزیشکی پێیان وایە مردنی مارادۆنا شتێکی حەتمی بووە، چونکە ئەو ئەفسانەیە بۆ چەندین دەیە بەدەست کێشەی ئاڵوودەبوون بە کحول و ماددەی بێهۆشکەرەوە ناڵاندوویەتی و باری تەندروستیی ناجێگیر بووە، بەڵام لیژنەیەکی پزیشکی کە پێشتر لێکۆڵینەوەیان کردووە، دەڵێن تیمەکە بە شێوازێکی نەشیاو و سەرکێشانە مامەڵەیان کردووە.
ئەم دادگاییە نوێیە کە تێیدا زیاتر لە 100 کەس گەواهی دەدەن، چارەنووسی پزیشک و پەرستارەکان یەکلایی دەکاتەوە؛ ئەگەر تاوانەکە بسەلمێنرێت، سزای تۆمەتباران لە نێوان 8 بۆ 25 ساڵ زیندانی دەبێت. مارادۆنا لە 25ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 لە تەمەنی 60 ساڵییدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە کاتی چاکبوونەوە لە نەشتەرگەری مێشک کۆچی دوایی کرد.



