راشفۆرد و بارسێلۆنا؛ کاتی بڕیاری یەکلاییکەرەوە هات
رۆژی سێشەممە چارەنووسی هێرشبەرە ئینگلیزییەکە دیارییدەکات

یاریگا –
دۆسیەی مارکوس راشفۆرد لەنێو بارسێلۆنا بووەتە جێگەی مشتومڕێکی توند و هێرشبەرە ئینگلیزییەکە کە هاوینی رابردوو بە خواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە کامپ نۆو کرد، هێشتا نازانرێت چارەنووسی لە وەرزی داهاتوو بەکوێ دەگات.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، راشفۆرد رۆژی سێشەممە رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەک دەبێتەوە کە نەک تەنیا پێگەی لە پێکهاتەی سەرەکی، بەڵکوو داهاتووی لەگەڵ یانەکە دیاریدەکات.
Su posible titularidad este martes es cuestionada desde algunos sectores, casi al nivel de su posible continuidad. Flick está dispuesto a apostar por él.
✍️ @juanjimenista pic.twitter.com/qnpfdWsWUs
— Diario AS (@diarioas) April 13, 2026
ئامارەکان باشترن لە ئاستی ناو یاریگا؟
راشفۆرد لە 41 یارییدا خاوەنی 12 گۆڵ و 13 ئەسیستە، تەنیا لامین یامال، رافینیا و فێرمین لۆپێز لە پێش ئەوەوەن لە رووی بەشداریی لە گۆڵدا، بەڵام کێشەکە لێرەدایە؛ زۆربەی گۆڵەکانی ئەستێرە ئینگلیزییەکە کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامی کۆتایی یارییەکان نەبووە، یاریزانێکە دەتوانێت گۆڵێکی جادوویی بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا لە یارییەکی وەکوو سوپەری ئیسپانیادا، بە بێباکی بەرگری فەرامۆش دەکات و دەبێتە هۆی تووڕەبوونی هاوڕێکانی.
پلانی Bـی فلیک؛ قوربانیکردن بە راشفۆرد
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، هانزی فلیک، راهێنەری بارسا، کە هەمیشە بە یاریکردن بە یاریزانی باڵ ناسراوە، ئێستا بیر لە گۆڕانکارییەک دەکاتەوە؛ گەڕانەوەی فرێنکی دی یۆنگ و ئاستە بەرزەکەی دانی ئۆلمۆ و فێرمین، وای لە راهێنەرە ئەڵمانییەکە کردووە بیر لە چڕکردنەوەی ناوەڕاست بکاتەوە. ئەم پلانە مانای وایە راشفۆرد دەچێتە سەر کورسی یەدەک بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی تۆپ و بەرگری بەهێزتر بێت، و تەواوی مەیدانەکە بۆ لامین یامال چۆڵ بکرێت.
30 ملیۆن یۆرۆ یان گەڕانەوە بۆ مانچستەر
ئاس ئەوەشی خستووەتەڕوو، بارسێلۆنا بژاردەی کڕینەوەی راشفۆردی بە 30 ملیۆن یۆرۆ لەبەردەستە و هەرچەندە لە مانگی یەکدا یانەکە رەزامەندی پێشاندابوو، بەڵام ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە بلاوگرانا دەیەوێت تەنیا ماوەی خواستنەکەی درێژ بکاتەوە بەبێ پارە، یان بیر لە بژاردەی هەرزانتر بکاتەوە.



