
یاریگا –
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر گواستنەوەی ڤیتۆر رۆکێ بۆ بارسێلۆنا، دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانە کاتالوونییەکە، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا بە راشکاوی دان بەوەدا دەنێت کە یانەکە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەهرەمەندە بەرازیلییەکە شکستیهێنا.
دیکۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ Ge portal، هۆکارەکانی شکستی یاریزانەکە لە بارسێلۆنا دەخاتەڕوو.
❌ El error del Barça con Vitor Roque
🔙 El delantero brasileño llegó en enero de 2024 y la falta de continuidad, la presión mediática y la exigencia del entorno culé marcaron su breve paso por el club
✍️ @marcgazquez https://t.co/ctDG5256oE
— Diario SPORT (@sport) April 11, 2026
پلانێک کە سەرەوژێر بووەوە
بارسێلۆنا لە سەرەتای ساڵی 2024 بە هیوایەکی زۆرەوە رۆکیی لە بەرازیلەوە هێنا، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی لیڤاندۆڤسکی، بەڵام هەموو شتێک پێچەوانە بووەوە. رۆکی لە 16 یاری فەرمیدا تەنها دوو گۆڵی کرد. دیکۆ دان بەوەدادەنێت کە یانەکە سیستەمێکی کارای نەبووە بۆ زوو هەستکردن بەو گرفتانەی کە بەرۆکی هێرشبەرە بەرازیلییەکەی گرتبوو، پێش ئەوەی دۆخەکە لەدەست دەربچێت.
دیکۆ دەڵێت؛
ئێمە لە هاوکاریکردنی کەمتەرخەم بووین، نەمانزانی کە ئەو لە رووی دەروونییەوە ئامادە نییە و پێویستی بە یارمەتی ئێمە بوو.
قوربانیی میدیا و فشارەکان
بەڕێوەبەرە پورتوگالییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە رۆکی بووە قوربانیی هەڵمەتێکی هێرشبەرانەی میدیایی کە دژی گواستنەوەکانی بارسا لەو سەردەمەدا بەڕێوەدەچوو. هەروەها هاتنی لە ناوەڕاستی وەرز و راستەوخۆ دوای پێکان، پڕۆسەی گونجانی لەگەڵ شێوازی یاریی ئەوروپا پەکخست.
لە بەرازیل پڵنگەکە دەست بە راوکردن دەکاتەوە
بە پێچەوانەی سەردەمە تاریکەکەی لە کامپ نۆو، ڤیتۆر لەگەڵ پاڵمێراس گەڕاوەتەوە سەر رۆژانی داهێنانی خۆی. لە وەرزی رابردوو 20 گۆڵی کرد و لەم وەرزەشدا لە 14 یاری سەرەتادا شەش جار تۆڕی گۆڵی رکابەرەکانی هەژاندووە. ئامارەکان دەیسەلمێنن کە کێشەکە لە بەهرەی یاریزانەکەدا نەبووە، بەڵکوو لەو ژینگەیەدا بووە کە بارسێلۆنا بۆی دروستکردبوو.
دێکۆ لە کۆتاییدا دەڵێت؛
دڵخۆشم کە ئێستا رۆکی باشە، کوڕێکی زۆر باشە و بەهرەکەی هێشتا وەکوو خۆی ماوە، تەنها ئێمە نەمانزانی چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەین.



