نایکی دان بەوەدا دەنێت لە درێسەکانی مۆندیالی 2026 هەڵەی گەورەی کردووە
تەنیا دوو مانگ بۆ مۆندیال ماوە؛ نایکی دەتوانێت هەزاران درێس کۆبکاتەوە و دیزاینەکەیان بگۆڕێت؟

یاریگا –
کۆمپانیای ‘نایکی’ـی ئەمریکی، کە یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی کەلوپەلی وەرزشی لە جیهاندا، بە فەرمی دانی بە هەبوونی کەموکوڕی و هەڵە لە دیزاینی شانی درێسە نوێیەکانی مۆندیالی 2026 دانا.
دوای ئەوەی وێنەی درێسەکان بڵاوکرانەوە، زۆرێک لە هاندەران و شارەزایان تێبینییان کرد کە دیزاینی سەر شانی درێسەکان شێوازێکی نەگونجاو و ناڕێکی هەیە، بەتایبەت لە کاتی یارییە نێودەوڵەتییەکان درێسەکانی فەرەنسا و ئۆروگوای بووەتە هۆی گاڵتەجاڕییەکی زۆری هاندرەران لە سۆشیاڵ میدیا.
نایکی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئەم هەڵەیە کاریگەری لەسەر کارامەیی و ئاستی یاریزانان نابێت، بەڵام دانی بەوەدانا کە لە رووی جوانی و رووکاری دەرەوە لە ئاستی پێویستدا نییە و شکستی هێناوە.
BREAKING: Nike acknowledge a shoulder flaw on their 2026 World Cup kits. 🚨
The brand says it does not affect performance, but admits the aesthetic falls short and is reviewing next steps. #FIFAWC2026 pic.twitter.com/A16muBvbF2
— DAZN Football (@DAZNFootball) April 10, 2026
تەکنەلۆژیا یان هەڵەی دیزاین؟
نایکی ئەمساڵ تەکنەلۆژیاکەی بە ناوی ‘Aero-FIT’ ناساندووە، کە بە تێکەڵکردنی دیزاینی کۆمپیوتەری و ژیریی دەستکرد دروستکراوە بۆ ئەوەی یاریزانان لە گەرمای مەکسیک، کەنەدا و ئەمریکا فێنک بکاتەوە. بەڵام وا دیارە ئەم تەکنەلۆژیا بەرزە، لە رووی جوانییەوە شکستیهێناوە.

هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت؟
نایکی بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، ئێستا خەریکی پێداچوونەوەی وردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو؛ لەگەڵ فیدراسیۆنەکانی ئینگلتەرا، فەرەنسا، کەنەدا و ئەمریکا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بزانن چۆن ئەم هەڵەیە چاک دەکەن، بەڵام تەنیا دوو مانگ بۆ مۆندیال ماوە و گۆڕینی هەزاران درێس کارێکی زۆر سەخت و پڕ خەرجییە.

نایکی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت؛
ئێمە تیمێکی جیهانین لە باشترین دیزاینەر و داهێنەرەکان، هەندێک جار سەرکێشی دەکەین و ئەمجارە ئەنجامەکەی بەو شێوەیە نەبوو کە دەمانویست.




