جواو کانسێلۆ باس لە داهاتووی خۆی و کارکردن لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک دەکات
گرنگترین لێدوانەکانی کانسێلۆ بەر لە یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید

یاریگا –
جواو کانسێلۆ، ئەستێرەی پورتوگالی، لە لێدوانێکی نوێدا باسی لە بارودۆخی ئێستای یانەی بارسێلۆنا، کاریگەرییەکانی هانزی فلیک و داهاتووی خۆی لەگەڵ یانە کاتالوونییەکە کرد.
ستایشی لامین یامال و هانزی فلیک
کانسێلۆ بە سەرسامییەوە باسی لە لامین یامالی هاوڕێی کرد و گوتی؛
لامین یامال یەکێکە لە سێ بەهرەمەندترین یاریزانەکانی ئێستای جیهان و ئەو جۆرە یاریزانەیە کە جیاوازی دروست دەکات.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی هانزی فلیک، کانسێلۆ ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕانکاری گەورەی هێناوەتە نێو بارسا؛
فلیک کەسێکی زۆر باشە و زۆر لە یاریزانەکانەوە نزیکە. ئەو جۆرە رەفتارێکی شەڕەنگێزانە و داینامیکییەکی هێرشبەرانەی هێناوەتە ناو تیمەکە، ئەمەش وایکردووە ببێتە راهێنەرێکی جیاواز لەوانی دیکە.
کێبڕکێ لەسەر نازناوەکان و نەبوونی رافینیا
کانسێلۆ دووپاتیکردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو یارمەتیدانی بارسێلۆنایە بۆ مانەوە لە کێبڕکێی چامپیۆنزلیگ و بردنەوەی نازناوی لالیگا. هەروەها سەبارەت بە پێکان یان نەبوونی رافینیا گوتی؛
رافینیا یەکێکە لە سەرکردەکانی ئێمە و ئەوە لە ناو یاریگادا بە روونی دەبینرێت. نیگەرانە چونکە دەزانێت چەندە بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام هەر کەسێک لە شوێنی ئەو یاری بکات، دەبێت ئامادەبێت بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی.
داهاتووی کانسێلۆ؛ بارسا یان هیلال؟
لە کۆتاییدا، کانسێلۆ تیشکی خستە سەر داهاتووی خۆی کە هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە:
من گرێبەستم لەگەڵ یانەی هیلال هەیە، بەڵام هەمیشە بژاردەکان بۆ بەردەوامبوون لە بارسا کراوەن. پێشتر گومان هەبوو کە ئایا دەمێنمەوە یان نا، بەڵام ئێستا خەڵک باس لەوە دەکەن کە چۆن دەمێنمەوە.



