
یاریگا –
پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی ستایشێکی گەورەی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی لیڤەرپوول دەکات کە لە کۆتایی وەرز یانەکە جێدەهێڵێت.
یارییەکەی ئەمڕۆ شەممە لە چارەکی کۆتایی FA Cup دوایین یاریی محەمەد سەڵاح دەبێت بە درێسی لیڤەرپوولەوە بەرامبەر مانچێستەر سیتی بیکات. ئەم دوو تیمە لە چەند ساڵی رابردوودا رکابەری گەورەی یەکدی بوونە. لە راستیدا لەوەتەی وەرزی 2016-2017ـەوە، تەنیا مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول پرێمەرلیگیان بەدەستهێناوە، کە سیتی شەش جار و لیڤەرپوولیش دوو جار بووە.
سەڵاح لە 25 یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی 13 گۆڵی کردووە، هەشت گۆڵیشی دروست کردووە. ئەمجارەش بۆ یارمەتیدانی لیڤەرپوول کە بە راهێنەرایەتی ئارنە سڵۆت وەرزێکی سەخت بەڕێدەکات، هەوڵ دەدات گۆڵ بکات. رێدز ئەم وەرزە تاوەکوو ئێستا دوو یاریی بەرامبەر سیتی شکستی هێناوە و سەڵاحیش نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بکات. سەرەڕای ئەوەش گواردیۆلا دەزانێت سەڵاح چەندێک مەترسیدارە و رێز لە کاروانە وەرزشییە سەرسوڕهێنەرەکەی لە ئینگلتەرا دەگرێت.

پێپ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی پێش یارییەکە گوتی:
سەڵاح یەکێکە لە باشترینەکان، ئای لەو یاریزانە! پێموایە ئەو مرۆڤێکی ناوازەیە. گۆڵ و ئەسیستی زۆری هەیە، بەدڵنیاییەوە بەوەی کردوویەتی ئەفسانەیەکی لیڤەرپوول و تەواوی پرێمەرلیگە. پێم وایە کاتێکی باشە تاوەکوو لەم وڵاتە ماڵاوایی لێبکەین، شایستەی پێزانینێکی گەورەیە کە بە تۆپی پێی بەخشیوە، بەتایبەت لەم وڵاتە.
دوای یارییەکەی ئەمڕۆ، لیڤەرپوول یارییەکی زۆر قورسی بەرامبەر پاریس سانجێرمان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا گواردیۆلا باوەڕی وایە لیڤەرپوول لەو پاڵەوانییەتییەدا تیمێکی بەهێزە و دەڵێت: “تیمەکە وەرزی رابردوو پارەیەکی زۆری خەرج کردووە تاوەکوو چەندین ساڵ لە رکابەرییەکە بێت، ئەوان لە چامپیۆنزلیگن.”
لە وەڵامی یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان، کاتێک پرسیار لە گواردیۆلا کرا کە ئایا هێستا ئەو رکابەرییە بەهێزەی ساڵانی رابردوو لە نێوان هەردوو یانەکە ماوە یان نا، گواردیۆلا دەڵێت: :بێگومان هەیە، لیڤەرپوول زۆرترین جار گەورەترین رکابەر بووە.”



