ئه‌مریکاگرنگترینمۆندیالی 2026

ئێران لە مۆندیال بەشدار دەبێت؛ ئیفانتینۆ ئامادەی یارییە دۆستانەکەی ئێران بەرامبەر کۆستاریکا دەبێت

"هەموو شتێک وەکوو خۆی بەڕێوەدەچێت"

Yariga App

یاریگا –

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا رۆژی سێشەممە ئامادەی یارییە دۆستانەکەی نێوان ئێران و کۆستاریکا بوو و جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە کە ئەستێرەکانی فارس لە مۆندیال بەشدار دەبن.

سەرەڕای بەردەوامی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا کە یەکێکە لە میواندارەکانی پاڵەوانێتییەکە، ئێران لە مۆندیال بەشداری دەکات.

سەرۆکی فیفا، کە لە رۆژی یارییەکەدا گەیشتە تورکیا، رایگەیاند کە چاوی بە راهێنەر و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران کەوتووە و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە هەموو شتێک باشە.

ئینفانتینۆ لە شاری ئەنتاڵیا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند…

ئێران لە مۆندیال بەشدار دەبێت و زۆر دڵخۆشین، چونکە ئێستا تیپێکی زۆر بەهێزن، تیپەکەم بینیوە و قسەم لەگەڵ راهێنەر و یاریزانەکانی کردووە، کەواتە هەموو شتێک ئاساییە.

دواتر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام، ئینفانتینۆ ئاماژەی بەوە کرد کە لە میانی سەردانەکەیدا چاوی بە بەرپرسانی تۆپی پێی ئێرانیش کەوتووە.

جارێکی دیکە پیرۆزباییم لە ‘تیم ملی’ کرد بۆ سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی 2026، ملیۆنان کەس لە ناوخۆی ئێران و سەرانسەری جیهان شانازییان پێوەدەکەن. نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەیەک بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، و هانمدان لە ئیلهامبەخشین بە هاندەرانیان بەردەوام بن.

ئینفانتینۆ ئاماژەی بەوەش کرد…

تۆپی پێ یەکڕیزی و هیوا دەهێنێت، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخەکانیشدا، فیفاش بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی تیپەکە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی باشترین کەشوهەوا لە کاتی ئامادەکارییەکانیان بۆ مۆندیال.

سەرەتای ئەم مانگە، مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند کە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەشت بۆ ئەمریکا ناکەن، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی کە ناتوانێت گەرەنتی سەلامەتی تیپەکە بکات. باڵیۆزخانەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە کە ئێران خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ فیفا تاوەکوو یارییەکانی لە مەکسیک بەڕێوەبچن.

بڕیارە یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی ئێران لە لۆس ئەنجلۆس بەرامبەر بەلجیکا و نیوزلەندا و لە سیاتڵ بەرامبەر میسر بکات.

لە کۆتایی مانگی شوباتدا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی سەربازییان کردە سەر ئێران و بەهۆیەوە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی کوژرا. ئەم هێرشە ئاسمانییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە هۆی کاردانەوە و هێرشی پێچەوانەی ئێران لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگەکە تا ئێستا بەردەوامە.

بابەتی زیاتر

Back to top button