هەست بە دڵخۆشی ناکەم؛ بێرناردۆ سیلڤا بە لێدوانێک چارەنووسی خۆی یەکلایی دەکاتەوە

یاریگا –
بەگوێرەی دەنگۆکان بێرناردۆ سیلڤا تاوەکوو ئێستا گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی نەکردووە و دوایین ساتەکانی لە یانەکە بەسەر دەبات.
بەگوێرەی زۆربەی سەرچاوەکان بێرناردۆ سیلڤا بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم وەرزە مانچێستەر سیتی جێبهێڵێت، ئەگەرچی پێپ گواردیۆلای راهێنەر دەیەوێت یاریسازە پۆرتوگالییەکە بمێنێتەوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ناوەڕاستکارەکە بڕیاری کۆتایی خۆیداوە و هیچ نیازێکی گۆڕینی نییە، سەبارەت بە دوایین بڕیاریشی ئاگاداری بە بەرپرسانی یانەکەداوە. ئەوەش واتا مانچێستەر سیتی دەبێت بەمزووانە خۆی بۆ ژیانی دوای یەکێک لە ئەستێرە گرنگەکانی سەردەمی گواردیۆلا ئامادە بکات.
لە نوێترین لێدوانیدا کە رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، بێرناردۆ جارێکی دیکە بە ناڕاستەوخۆ رۆیشتنی لە یانەکە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت:
من ناڵێم حەزم لە بوونم لێرە نییە، بەڵام لە رووی کولتوورییەوە مانچێستەر لەگەڵ ئەو هیوایەی بۆ ژیانم هەمە ناگونجێت، هەندێک جاریش هەست بە دڵخۆشی ناکەم. پێش ئەوەی هاوژینەکەم بناسم، هەمیشە بەتەنیا بووم، هەستم بە باشی نەدەکرد و زوو زوو بیرم لە رۆیشتن دەکردەوە. بێگومان لەبەر ئەوە نەبوو کە یانەکەم بەدڵ نەبێت، بەڵام هەرگیز نەرۆیشتم و دڵخۆشم کە نەڕۆیشتم. هەمیشە بە گاڵتەوە گوتوومە ئەگەر سیتی کەمێک زیاتر لە باشووری ئەوروپا بووایە، بۆ هەمیشە لە یانەکە دەمامەوە.
سیلڤا لە هاوینی 2017 بە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ لە مۆناکۆی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە کرد، لەو کاتەوە رۆڵێکی گرنگی لە دەستکەوتەکانی تیمەکە گێڕاوە. ئەم وەرزەش ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەشداریی 42 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکان کردووە، سێ گۆڵی کردووە و پێنج گۆڵیشی دروست کردووە.

بەگوێرەی داتاکانی ترانسفەرمارکێت، بەهای ئێستای سیلڤا لە بازاڕی گواستنەوەدا 27 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام بەهۆی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەم هاوینە، بەخۆڕایی ریزەکانی مانچێستەر سیتی جێدەهێڵێت و گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانیش ناوی ناوەڕاستکارەکە بە یانەکانی بارسێلۆنا، بێنفیکا، یوڤێنتوس و گالاتەسەرایەوە بەستراوەتەوە، هەروەها سعوودییەکانیش هەوڵی پەلکێشکردنی دەکەن بەڵام بەهۆی ویستی سیلڤا، سعوودییە بژاردەیەک نابێت بۆ داهاتووی.



