ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

مانچێستەر سیتی لە یاریگاکەیدا شۆڕشی سەوز بەرپا دەکات

Yariga App

یاریگا –

مانچێستەر سیتی لە ساڵی 2018ـەوە هاوبەشیی لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانیی تەکنەلۆژیای ئاو هەیە و ئەمساڵ سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکەن.

مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی بە هاوکاری کۆمپانیای جیهانیی تەکنەلۆژیای ئاو Xylem دەستکەوتێکی نوێی لە پاراستنی ژینگەدا راگەیاند. پرۆژە هاوبەشەکەیان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی باران لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەنجامێکی بێوێنەی بەدەستهێناوە، کە دەریدەخات یانە وەرزشییەکان دەتوانن رۆڵی سەرەکیان لە رووبەڕووبووونەوەی ئاڵەنگارییە ژینگەییەکاندا هەبێت.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، یانەکە توانیویەتی لە رێگەی تەکنەلۆژیای کۆکردنەوەی ئاوی باران بڕی زیاتر لە 80 ملیۆن لیتر ئاو لەژێر چیمەنی یاریگای ئیتیحاد پاشەکەوت بکات. بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی ئەم بڕە تەنیا پێویستە بزانین کە ئەم ئاوە بەشی پڕکردنەوەی زیاتر لە 32 حەوزی مەلەوانیی ئۆڵۆمپی دەکات. ئەم پڕۆژەیە وایکردووە کە یانەکە لەبری بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوەی شارەکە، ئاوی بارانی فلتەرکراو بۆ ئاودانی چیمەنی یاریگای ئیتیحاد و ناوەندی راهێنانەکان بەکاربهێنێت، ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی شارەکە کەم دەکاتەوە، بەتایبەت لە وەرزە گەرم و وشکەکاندا.

کۆمپانیای Xylem لە ساڵی 2018ـەوە هاوبەشی یانەکەیە، سیستمێکی زیرەکی بۆ بەڕێوەبەردنی ئاو دابین کردووە کە یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەردەوامەکانی یانەکە. مانچێستەر سیتی پلانێکی تۆکمەی هەیە تاوەکوو ساڵی 2030 ببێتە یانەیەک کە هیچ زیانێکی کاربۆنی بۆ ژینگە نەبێت.

 

View this post on Instagram

 

A post shared by Manchester City (@mancity)


ئەم هەنگاوە تەنیا لایەنە ژینگەییەکەی نییە، بەڵکوو لە رووی ئابوورییەوە بایەخێکی زۆری بۆ یانەکە هەیە. چیمەنی یاریگا مۆدێرنەکان پێویستیان بە بڕێکی یەکجار زۆر ئاو و چاودێریی ورد هەیە بۆ ئەوەی لە کاتی یارییەکاندا بەرزترین کوالێتییان هەبێت، بەکارهێنانی ئاوی باران تێچووی ئاودان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

ئەم تێڕوانینە ژینگەییە تەنیا لە مانچێستەر سیتی کورت نەبووەتەوە، بەڵکوو یانە گەورەکانی دیکەش هەمان رێچكەیان گرتووە؛ لیڤەرپوول سیستمێکی هاوشێوەی لە یاریگای ئانفێڵد و کەمپی راهێنانەکان جێگیرکردووە، فۆرێست گرین رۆڤەرز کە وەکوو سەوزترین یانەی جیهان دەناسرێت، تەنانەت چیمەنی یاریگاکەیان بە تەواوی ئۆرگانییە و تەنیا بە ئاوی باران ئاو دەدرێت.

ئەم پڕۆژانە دەبنە نموونەیەکی باڵا بۆ ئەوەی وەرزش چۆن دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکانی زەوی.

بابەتی زیاتر

Back to top button