سیمیۆنی و ئاتلێتیکۆ مەدرید بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی نێوانیان دەدەن

یاریگا –
ئاتلێتیکۆ مەدرید و راهێنەرەکەی لەبارەی داهاتووی نێوانیان رێککەوتوون و بڕیاری کۆتایی دەدەن.
ئاتلێتیکۆ مەدرید و راهێنەرەکەی پێشوەختە لەسەر بەردەوامبوون پێکەوە بۆ وەرزی 2026-2027 رێککەوتوون. ئینتەر میلان و یانە ئارەزوومەندەکانی دیکە دەبێت چاوەڕێ بکەن. لەنێو یانەکە پێیان وایە کە سەردەمی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و چۆلۆ تەواوی سەرنجی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا و یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیایە.
هێشتا زۆری ماوە بۆ سیمیۆنی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ، بە لایەنی کەمەوە بۆ وەرزی 2026-2027 وەکوو راهێنەری سەرەکی تیمەکە دەمێنێتەوە. یانەکە و راهێنەرەکە پێشوەختە قسەیان لەسەر کردووە و رێککەوتوون کە بۆ ساڵێکی دیکەش پێکەوە بمێننەوە. لە هەفتەکانی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە سیمیۆنی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بڕوات، بەڵام ئەوە لە راستییەوە دوورە. تەنانەت قسەوباسەکان دەربارەی دەستێوەردانی کۆمپانیای ئاپۆلۆ لە یانەکە و گۆڕینی داهاتووی ئەو، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر پلانەکانی ئێستا نییە.
یانەکانی ئیتاڵیا گرنگی پێدەدەن، ئینتەر و یانەکانی دیکە دەبێت چاوەڕێ بکەن. سیمیۆنی تەواو سەرنجی لەسەر رووبەڕووبوونەوەکانی بارسێلۆنا و بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیایە، کە مانایەکی تایبەتی هەیە دوای بردنەوە مێژووییەکەی ساڵی 2013 بەرامبەر ریال مەدرید کە مێژووی یانەکەی گۆڕی. لەم نێوەندەدا، بەڕێوبەرانی وەرزشی ئاتلێتیکۆ خەریکی کارکردنن بۆ بنیادنانی پێکهاتەی وەرزی 2026-2027 بە سەرپەرشتی سیمیۆنی، ئەویش ئاگاداری پلانەکان و ئەگەرەکانی گواستنەوەیە.

هەردوو لایەن، سیمیۆنی و یانەکە، پلانیان هەیە دوای کۆتایی هاتنی وەرزەکە گفتوگۆ بکەن، کە ئایا گرێبەستەکەی بۆ دوای 2026-2027 درێژ دەکەنەوە یان نا. ئەوە ئەگەرێکە، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە و لە هیچ شتێکیشدا پەلە ناکەن. بۆ ئێستا کاری لەپێشینە تەنیا وەرزشییە: بەدەستهێنانی نازناوێکی گەورە.
مەگەر رووداوێکی چاوەڕواننەکراو رووبدات، ئەگەرنا سیمیۆنی لە مانگی تەمموزدا دەگەڕێتەوە بۆ دەستکردن ئامادەکارییەکانی وەرزی داهاتوو. هەمووان لە یانەکەدا بە بەڕێوبەران و وەبەرهێنەرانیشەوە ئەمە دەزانن.
دیێگۆ سیمیۆنی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ هەشت نازناوی بەدەستهێناوە؛ دووجار نازناوی لالیگا، دووجار نازناوی یۆرۆپالیگ، دووجار سوپەری ئەوروپا، جارێک شای ئیسپانی و جارێکیش سوپەری ئیسپانی.

ئەو سەرکەوتووترین راهێنەرە لە مێژووی یانەکەدا. سەرپەرشتی 786 یاریی کردووە، 465 بردنەوە، 170 یەکسانبوون و 151 شکستی لەگەڵ یانەکە هەیە. لە ماوەی زیاتر لە 14 وەرز و نیودا، ئەو بە تەواوی ئاتلێتیکۆ مەدریدی گۆڕیوە. لە کاتی هاتنییەوە، یانەکە بەردەوام سەرکەوتووە بۆ خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا جگە لە نیوە وەرزی یەکەمی، کە ئەمەش هەنگاوێکی گەورە بوو. بۆ ئاتلێتیکۆ یاریکردن لە چامپیۆنزلیگ لە سەردەمی ئەودا بووەتە شتێکی ئاسایی.
سیمیۆنی هەمیشە گوتوویەتی کە راهێنەرایەتیکردنی ئینتەر میلان و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئامانجی کەسیی ئەون، بەڵام هەموو لایەنەکان هاوڕان کە کاتی ئەو لە ئاتلێتیکۆ هێشتا کۆتایی نەهاتووە.



