زاخۆعێراقکوردستان

ئەمجەد عەتوان داوای لێبوردن لە هاندەرانی زاخۆ دەکات

زاخۆ تووشی دووەم شکستی لەسەر یەک بوو

Yariga App

یاریگا –

زاخۆ لە نێو یاریگا و لەبەردەم هاندەرانی خۆی شکستی هێنا، ئەمجەد عەتوانیش داوای لێبوردن لە هاندەران دەکات.

لە گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕەدا زاخۆ میوانداری شوڕتەی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 2 _ 0 دۆڕاند، دووەم شکستی لەسەر یەکی زاخۆ بوو لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە ژێر سەرپەرشتی ئەیوب ئۆدیشۆ دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە یاریگای نەجەف بەرامبەر مووسڵ شکستی هێنا.

ئەمجەد عەتوان، ئەستێرە و ناوەڕاستکاری تیپەکە دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی داوای لیبوردنی لە هاندەران کرد، هۆکاری شکستەکەشی باس کرد و گووتی:

توانیمان باشتر لە تیپی میوان دەربکەوین و هەلی باشمان هەبوو بۆ گۆڵ تۆمارکردن بەڵام لەدەستماندا، پێویستە ئێمەی یاریزانەکان پێداچوونەوە بە خۆمان بکەین و چیتر خاڵ لەدەست نەدەین، هەوڵدەدەین لە یارییە گرینگەکەی گەڕی داهاتوو بەرامبەر دهۆک سەرکەوتن تۆمار بکەین و هاندەرانمان ئاشت بکەینەوە، بۆ شکستەکەی بەرامبەر شوڕتەش داوای لێبوردن لە هاندەران و تایبەت ئامادەبووانی یاریگا دەکەین، هیوادارم هەمیشە پاڵپشتمان بن.

زاخۆ بە 40 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەم دێت، گەڕی داهاتووش لە دێڕبی کوردستان لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی دهۆک دەبێتەوە، شوڕتەش 52 خاڵی هەیە و بە شێوەی کاتی لە ریزبەندی دووەم دێت، لە ئەگەری سەرکەوتنی هەولێر بەرامبەر نەفتی میسان، شوڕتە دەگەڕێتەوە ریزبەندی سێیەم.

بابەتی زیاتر

Back to top button