فه‌ره‌نسا

ئێمباپێ هەنگاوێکی دیکە لە ریکۆردە مێژووییەکە نزیک بووەوە

Yariga App

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ بەردەوامە لە پیشاندانی ئاستە گۆڵکارییەکانی و ئەمشەویش بە گۆڵێکی نایاب لە تۆڕی بەڕازیل هێندەیتر خۆی لە شکاندنی ریکۆردێکی مێژوویی نزیککردەوە.

هەردوو هەڵبژاردەی فەڕەنسا و بەڕازیل لە یارییەکی دۆستانەی ئامادەکارییدا لەسەر خاکی ئەمریکا بۆ مۆندیالی 2026 رووبەڕووی یەکتربوونەوە. کەڵەشێرەکان توانیان 2-1 بەسەر سەماکەرەکانی سامبادا بردنەوە تۆمار بکەن.

گۆڵی یەکەمی تیمەکەی دیدێ دیشا لە رێگەی ئێمباپێ بوو لە خولەکی 32 بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش.

دیمەنی گۆڵەکە:

ڤیدیۆ: گۆڵی یەکەمی فەڕەنسا بەرامبەر بەڕازیل

بەو گۆڵە، کاپتنی فەڕەنسیەکان ژمارەکەی خۆی بەرزکردەوە بۆ 56 و تەنها یەک گۆڵی ماوە بۆ یەکسانکردنەوەی ریکۆردەکە کە بە ناوی ئۆلیڤیێ جیرویە. بۆیە یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لە یارییە دۆستانەکەی دیکەیان بەرامبەر کۆڵۆمبیا ئەو دەرفەتەی هەیە ببێتە گۆڵکاریی مێژوویی فەڕەنسا.

بە گەیشتن و تێپەراندنی ژمارەکەی جیرو، پێناچێ وا بەزوویی یاریزانی دیکەی فەڕەنسا لە داهاتووی نزیکدا بتوانێ پێش بە ژمارەکەی ئێمباپێ بداتەوە، بەوپێیەی لە کۆی 6 یاریزانی مێژووی هەڵبژاردەکە کە خاوەنی زۆرترین گۆڵن، تەنها کیلیان لە یاریکردن بەردەوامە. رکابەرەکانی دوای ئێمباپێ هەریەکە لە تێری هێنری 51، ئانتوان گریزمان 44، میشێل پلاتینی 41 و کەریم بنزیمە 37 گۆڵە.

بابەتی زیاتر

Back to top button