
یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بە فەرمی بڕیاری دواخستنی رێوڕەسمی تیروپشکی کۆتاییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2027ـی راگەیاند.
بریاربوو تیروپشكهكه له 11ـی نیسانی داهاتوو لە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەبچێت و بهڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بڕیاریدا تیروپشكهكه دوابخات.
هۆکاری دواخستنەکە
فیدراسیۆنی ئاسیا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد کە ئەم بڕیارە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد دراوە، مەبەست لێی دڵنیابوونەوەیە لە ئامادەبوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی ئاسان و بێ هیچ گرفتێک لە رێوڕەسمی تیروپشکەکەدا. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ململانێکان بوونەتە هۆی دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی چەندین چالاکیی وەرزشی لە ناوچەکەدا.
AFC confirms postponement of #AsianCup2027 Final Draw. https://t.co/je3tY1l4iR
— #WAC2026 (@afcasiancup) March 26, 2026
ئامادەباشی سعوودیە
سەرەڕای دواخستنی کاتەکەی، فیدراسیۆنی ئاسیا دەستخۆشی لە لیژنەی رێکخەری سعوودیە کرد بۆ ئامادەباشی تەواویان و رایگەیاند کە لە کاتێکی گونجاودا وردەکاری و وادەی نوێی تیروپشکەکە رادەگەیەنرێت.
سعوودیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی ئەم پاڵەوانێتییە گەورەیە کە 24 هەڵبژاردە بەشدارن.
دۆخی پاڵەوانێتییەکە
بڕیارە سێشەممەی داهاتوو دواین گەڕی یارییەکانی پاڵاوتن بۆ جامی ئاسیا بكرێت. تاوهكو ئێستا هەڵبژاردەکانی قەتەر، ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئێران، ئوردن، ئوسترالیا و ئۆزبەکستان گەیشتنیان بە کۆتاییەکان مسۆگەر کردووە.
خولی بژاردهی پاڵەوانەکانی ئاسیا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دڵنیاییدا بە هاندهران کە ئەم دواخستنە کاریگەری لەسەر یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی بژاردهی پاڵەوانەکانی ئاسیای نابێت، بڕیارە یارییەکان وەک پلانی بۆ دانراوە لە جهدە لە نێوان 13 بۆ 26ـی نیسانی داهاتوو بەڕێوەبچن.



