ئینگلتەراگرنگترین

پەیامی ماڵئاوایی سەڵاح لە لیڤەرپوول و هاندەرانی رێدز

Yariga App

یاریگا –

دوای 9 ساڵ یاریکردن لە ریزەکانی لیڤەرپوول، سەرەنجام چیرۆکی محەمەد سەڵاح و کۆتایی هات و یاریزانەکە بڕیاری رۆشتنی دا.

سەڵاح ساڵی 2017 لە رۆمای ئیتاڵیەوە پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە کرد. یەکێک بوو لە رەگەزە هەرە کاریگەرەکانی یانەکە لە بردنەوەی ئەو نازناوانەی ساڵانێکی زۆر بوو لیڤەر لێی بێبەش بوو. کە ئەوانیش پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ بوون.

ئەگەرچی ئەستێرە میسڕیەکە بەپێی ئەو گرێبەستەی کە ساڵی پار لەگەڵ لیڤەرپوولی نوێکردەوە تا 2027 دەخایەنێت، بەڵام لە کۆتاییدا لەگەڵ کارگێڕی یانەکە گەیشتنە رێککەوتنێکی دوولایەنە کە هاوینی ئەم ساڵ راستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی وەرزەکە وەک یاریزانی ئازاد ئانفیڵد بۆ هەمیشە جێبهێڵێت.

لە پەیامی ماڵئاواییدا هێرشبەرەکە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک وتی

سڵاو لە هەموولایەک. بەداخەوە رۆژەکە گەیشت. ئەمە بەشی یەکەمی ماڵئاواییەکەمە. من لە کۆتایی ئەم وەرزە لیڤەرپوول جێدەهێڵم. دەمەوێ بەوە دەستپێبکەم کە بڵێم هەرگیز بە بیرمدا نەدەهات کە چەند بە قووڵی ئەم یانەیە، ئەم شارە، خەڵکەکەی دەبنە بەشێک لە ژیانم. لیڤەرپوول تەنها یانەیەکی تۆپی پێ نییە. خەونە، مێژووە، رۆحیەتە. ناتوانم بە وشە بۆ کەسێکی باس بکەم کە بەشێک نەبووبێت لەم یانەیە. پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتنەکانمان گێڕا. گرنگترین نازناوەکانمان بردەوە. پێکەوە لە کاتە سەختەکاندا ئەوپەڕی هەوڵی خۆمانمان دا لە ژیانماندا. دەمەوێ سوپاسی هەرکەسێ بکەم بەشێک بووبێ لەم یانەیە لەوەتەی من لێرەم بەتایبەت هاوتیمەکانی پێشووم و ئێستام. هەروەها بۆ هاندەران، وشەی پێویستم نییە بۆتان. ئەو پشتگیریەی پیشانتانی منتان دا لە باشترین کاتەکانی کاروانەکەمەدا، وەستانی ئێوە شانبەشانم لە کاتە سەختەکاندا، شتێکە کە هەرگیز لە یادی ناکەم، شتێکە بۆ هەمیشە لەگەڵمدا دەمێنێتەوە. جیابوونەوە هەرگیز ئاسان نییە. ئێوە باشترین کاتی ژیانتان بۆ فەراهم کردم. منیش هەمیشە دەبمە یەکێک لە ئێوە. ئەم یانەیە هەمیشە وەک ماڵی من دەبێت، چ بۆ خۆم چ بۆ خانەوادەکەم. سوپاس بۆ هەمووشتێ. بەهۆی ئێوەوە “هەرگیز بە تەنها نابم”.

 

ئەم پەیامەی سەڵاح لە کاتێکدایە ئەم وەرزە بەگشتی بۆ لیڤەرپوول و بۆ خودی یاریزانە 33 ساڵییەکە وەرزێکی نموونەیی نییە. بەتایبەت لە پرێمەرلیگ کە لەژێر سەرپەرشتی دووەم وەرزی ئارنە سڵۆت لەگەڵ ئەو یانەیە، هەموو ئامانجێکیان بووەتە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

سەڵاح لەوتەی پەیوەندیکردنی بە لیڤەرپوول، 435 یاریی ئەنجامداوە و توانیویەتی 255 گۆڵ و 122 ئەسێست بکات. توانی ناوی خۆی وەک یەکێک لە ئەفسانەکانی مێژووی ئەو یانە ئینگلیزیە تۆماربکات. هەر لەگەڵ رێدز بووە خاوەنی چەندین نازناوی تاکەکەسیی و بەکۆمەڵ. دیارترین ئەو نازناوانەی لەگەڵ لیڤەرپوول بردوویەتیەوە دووجار پرێمەرلیگ لە وەرزەکانی 2019/20 و 2024/25، هەروەها چامپیۆنزلیگی وەرزی 2018/19, ئەوە جیا لە نازناوەکانی جامی یەکێتی ئینگلتەرا، قەڵغانی خێرخوازیی ئینگلتەرا، جامی سوپەری ئەوروپا، جامی جیهانی یانەکان و جامی کاراباو.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button