ئینگلتەراچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ریال مەدرید؛ دێوەزمەکەی پێپ گواردیۆلا

بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک لەسەر دەستی ریال مەدرید دەرکرا

Yariga App

یاریگا –

یانەی ریال مەدرید تاڵاوی شکستێکی دیکەی کرد بە قوڕگی پێپ گواردیۆلا و بۆ سێیەم وەرزی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ کردییە دەرەوە.

شەوی رابردوو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید لەنێو ئیتیحاد رووبەڕووی مانچێستەر سیتی بووە و 2-1 یارییەکەی لێ بردەوە، بە ئەنجامی هەردوو یارییەکە مێرەنگی 5-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی داهاتوو.

پێپ گواردیۆلا بەرامبەر مانچێستەر سیتی

ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی لە ماوەی حەوت وەرزی رابردوودا شەش جار رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، ریال مەدرید باڵادەستی خۆی بەسەر مان سیتی دا سەپاندووە و توانیویەتی چواری جار تیپەکەی گواردیۆلا بکاتە دەرەوە. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا گواردیۆلا تەنیا یەک چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەوەش بۆ ریال مەدرید دەگەڕێتەوە کە زۆرترین جار لەبەردەم فەیلەسووفدا بووەتە رێگر. لەپێش مان سیتیش، گواردیۆلا لە ساڵی 2014 راهێنەری بایرن میونشن بوو و لەسەر دەستی ریال مەدرید کرایەوە دەرەوە، بەکۆی گشتی پێنج جار لەلایەن مێرەنگییەوە دەرکراوە.

ریال مەدرید تەنیا بردنەوەی چامپیۆنزلیگێکی دیکەی لە گواردیۆلا تێکنەدا، بەڵکوو نەیهێشت کەڵک لە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لە گواستنەوەی یاریزانان وەربگرێت. ساڵی رابردوو، بە ناچاری بەر لە رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید چووە نێو مێرکاتۆی هاوینە و 200 ملیۆن یۆرۆی لە کڕینی، عومەر مەڕمووش (75 ملیۆن یۆرۆ)، نیکۆلاس گۆنزالێز (65 ملیۆن یۆرۆ)، عەبدولقادر خوسانۆڤ (40 ملیۆن یۆرۆ)، ڤیتۆر هەیس (37 ملیۆن یۆرۆ) و جومعە با (6 ملیۆن یۆرۆ) خەرجکرد.

ئەم وەرزەش بە هەمان شێوە، مانچێستەر سیتی بە چڕی چووە نێو بازاڕی گواستنەوەی 95 ملیۆن یۆرۆی دیکەی لە هێنانی مارک گێی (23 ملیۆن یۆرۆ)، ئانتۆنیۆ سێمێنیۆ (72 ملیۆن یۆرۆ) خەرجکرد، بەڵام لە کۆتاییدا جارێکی دیکە بەرامبەر یانەی شاهانە دەستەوەستان بوو و نەیتوانی کۆتایی بە دێوەزمەکەی مەدرید بهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button