
یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرینگی بەرامبەر ئەمانەی بەغدا بەدەستهێنا و راهێنەری تیپکەش هۆکاری سەرکەوتنەکە باس دەکات.
لە گەڕی 22ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 0 لە ئەمانەی بەغدای بردەوە، سەرکەوتنەکە لە کاتێکی گرینگدابوو، چونکە هەردوو یانە پێش یارییەکە خاڵەکانیان لەیەکترەوە نزیک بوو، نەورۆز 25 خاڵی هەبوو ئەمانەی بەغداش 21 خاڵ وێڕای ئەوەش ئەمانە یارییەکی دواخراوی هەیە.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز سەرکەوتنەکە بۆ یاریزانەکانی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت توانیان بە باشی پلان و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن:
یارییەکە تاڕادەیەک گرینگ بوو بەهۆی نزیکی هەردوو یانە لەیەکتر، سوپاسی یاریزانەکان دەکەم ئەو ئەرکەی پێیانم دابوو بەباشی جێبەجێیان کرد، بۆیە پیرۆزباییان لێدەکەم، گۆڵی پێنج خولەکی سەرەتا کە تۆمارمان کرد بووە پارێزگارییەکی باش بۆ ئەوەی بتوانین سێ خاڵەکە بەدەستبهێنین.
راهێنەری سوورپۆشەکانی سلێمانی دەربارەی ئامانجی داهاتوویان زیاتر گووتی:
لەمەودوا هەوڵدەدەین لە یانەکانی ریزبەندی پێشەوە نزیک ببینەوە، چونکە تاڕادەیەکی زۆر قۆناخی ناوچەی دابەزین و پاڵاوتنمان جێهێشتووە، باوەڕم بە یاریزانەکان هەیە بتوانین رکابەری بکەین لەگەڵ هەندێ یانەی سەرووی خۆمان.
نەورۆز بەم سەرکەوتنە بە شێوەی کاتی دوو پلە لە ریزبەندی یانەکان هاتە پێشەوە و بە 28 خاڵ لە ریزبەندی 11 دێت، گەڕی داهاتووش لە سلێمانی میوانداری قاسم دەکات، ئەمانەی بەغداش بە 21 خاڵ لە ریزبەندی 17ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



