
یاریگا –
رۆدری، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی بەهۆی فڕاندنی درۆن سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، دراوسێکانی رۆدری پەیوەندییان بە پۆلیس کردووە و سکاڵایان لەسەر ئەو یاریزانە کردووە، چونکە درۆنی بەسەر ماڵەکانیان فڕاندووە و بووەتە هۆی بێزارکردنی دراوسێکانی.

چەند دانیشتوانێکی ناوچەکە قسەیان بۆ رۆژنامە بەریتانییەکە کردووە و گوتوویانە لەوکاتەی سەرقاڵی تەماشاکردنی فیلم بوون لەپڕ درۆنێک لە پەنەرەی ماڵەکە دەرکەوتووە، ئەوەش پێشێلکردنی یاسایە و بەتەواوی لەو هەڵسوکەوتەی یاریزانەکە نیگەرانن.
هەمان سەرچاو ئاماژەی بەوەش کردووە، چەندین دانیشتوانی دیکەی ناوچەکە بەو کارەی ئەستێرەکەی مانچێستەر سیتی نائاسوودەن و ناڕەزایی خۆیان دەربڕیووە و بڕوایان وایە ئەو یاریزانە سەیری ناو ماڵەکانیانی کردووە و هەموو سنورێکی بەزاندووە.
هاوکات پۆلیسی مانچێستەر پشتڕاستیکردووەتەوە لەبارەی ئەو رووداوە چەند سکاڵایەکیان پێگەیشتووە و ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.



