
یاریگا –
چێشتلێنەری پێشووی نێیمار دا سیلڤا سکاڵای یاسایی لەسەر یاریزانەکە تۆمار دەکات و دەڵێت بەهۆی کارکردنی زۆر لە کۆشکەکەی هێرشبەرەکەی سانتۆس تووشی ئازاری پشت و جومگەی رانی بووە.
ماڵپەڕی metropole بڵاویکردووەتەوە، چێشتلێنەرەکە لە دادگای ریۆ دی جانیرۆ سکاڵاکەی تۆمارکردووە و دەڵێت، رۆژانە 16 کاتژمێر لە کۆشکەکەی نێیمار کاریکردووە و خواردنی 150 کەسی ئامادەکردووە، هەروەها درەنگانی شەو ماوەتەوە و کاری کردووە، تەنانەت لە کۆتایی هەفتەش پشووی نەبووە و پێداویستی زۆر قورسیشی هەڵگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی پشتئێشەیەکی زۆر و تەندرووستی تێکچووە.
🚨 𝗕𝗥𝗘𝗔𝗞𝗜𝗡𝗚: Neymar is being taken to court by his former cook.
• She alleges that she regularly worked 16 hours a day at the Brazilian star’s house (from 7am until 11pm) and had to prepare food for over 150 people.
• She claims she worked both weekdays and weekends,… pic.twitter.com/Hikh3Yyf97
— The Touchline | 𝐓 (@TouchlineX) March 7, 2026
مووچەی مانگانەی چێشتلێنەرەکە 4 هەزار ریاڵ بووە، بەڵام بەهۆی کارکردنی زیاتر 7 هەزار و 500 ریاڵی وەرگرتووە، بەڵام پێی وایە ئەوەندە بەس نییە و سکاڵای لەسەر نێیماڕ و کۆمپانیای دامەزرێنەری هەیە، وەکوو قەرەبوو داوای 262 هەزار ریاڵ دەکات لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی، کاتی زیاتری کارکردن، وەرنەگرتنی پشوو و خەرجە پزیشکییەکانی.
چێشتلێنەرەکە لە دادگا ئەوەشی خستووەتەڕوو، جگە لە زۆری کاتی کارکردن، بەردەوام خۆی پێداویستییەکانیشی کڕیوە، زۆربەی کات پارچە گۆشتی 10 کیلۆیی هەڵگرتووە، هەر خۆی کەلوپەلەکانی بارکردووە و دابەزاندووە.
هاوکات، تیمی پارێزەرانی نێیمار تاوەکوو ئێستا ئامادەنەبوونە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدەن و دۆسییەکە ئێستا لە دادگایە.



