کوردستان

شەقڵاوە لە بەردەم یەکلاکردنەوەی ئامانجی ئەم وەرزەیدایە

تەواوی یارییەکانی گەڕی 13ـی خولی پلە یەکی کوردستان لە یەک رۆژ دەکرێت

Yariga App

یاریگا –

تەواوی یارییەکانی گەڕی 13ـی خولی پلە یەکی کوردستان لە یەک رۆژدا دەکرێت و شەقڵاوەش ئامانجی ئەم وەرزەی یەکلایی دەکاتەوە.

هەینی ( 6ـی ئاداری 2026 ) هەشت یاریی لە گەڕی خولی پلە یەکی کوردستان دەکرێت، سێمێل لە یارییەکی گرینگدا میوانداری بەردەڕەش دەکات، سێمێل 20 خاڵی هەیە لە ریزبەندی چوارەمە و بەردەڕەش بە 13 خاڵ لە ریزبەندی 10ـیەم دێت، سەرکەوتنی سێمێل واتا بەردەوامیدان لە کێبڕکێکردنی سەرکەوتن بۆ ریزی نایاب.

شەقڵاوە لە یاریگای پیشەسازی رووبەڕووی زانکۆی جیهان دەبێتەوە، شەقڵاوە یەک خاڵی پێویستە بۆ ئەوەی بە فەرمی سەرکەوێت بۆ ریزی نایاب، زانکۆی جیهانیش کە 20 خاڵی هەیە لە ریزبەندی سێیەمە هەر شکستێک واتا ئاڵۆز بوونی هاوکێشەکانی لە یارییەکانی داهاتوو، شەقڵاوە 20 خاڵی هەیە و لە پێشەنگی یانەکانی خولی پلە یەکی کوردستان دێت.

کۆیە لە یاریگای خۆی رووبەڕووی تەناهی دەبێتەوە، کۆیە 15 خاڵی هەیە لە ریزبەندی هەشتەمە و تەناهی دۆخی باش نیە و بە نۆ خاڵ لە ریزبەندی 16دێت، بابانی خاوەن ریزبەندی دووەم بە 25 خاڵ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر سۆران یاریی دەکات، سەرکەوتنی بابان لەم یارییەدا بە رێژەیەکی زۆر نزیکی دەکاتەوە لە سەرکەوتن بۆ ریزی نایاب.

هەولێر و بازیان لە یاریگای دووەمی فرانسۆ هەریری یەکێک لە گرینگترین یارییەکانی خۆیان لەم وەرزە دەکەن، هەولێر 15 خاڵی هەیە لە ریزبەندی نۆیەمە و بازیان بە 16 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەم دێت، سەرکەوتنی هەر یەکێکیان بەردەوامیدانە بە هیوای سەرکەوتنیان بۆ ریزی نایاب، بە پێچەوانەوە لە کێبڕکێی سەرکەوتن دادەبڕێن.

دهۆک لە یاریگای خۆی رووبەڕووی چەمچەماڵ دەبێتەوە، دهۆک 17 خاڵی هەیە لە ریزبەندی پێنجەم دێت، چەمچەماڵیش بە 11 خاڵ لە ریزبەندی 12دێت، دهۆک جگە لە سەرکەوتن هیج ئەنجامێکی دیکە بەردەوامی پێنادات لە کێبڕکێی سەرکەوتن بۆ ریزی نایاب لە وەرزی داهاتوو.

شۆڕجە لە کەرکوک میوانداری ئاڕاڕات دەکات، ئەم یارییە گرینگی تایبەتی خۆی هەیە بە هۆی ئەوەی خاڵەکانیان وەکو یەکە و هەردوو یانەش بۆ مانەوە لە ریزی پلە یەکی کوردستان یاریی دەکەن، شۆڕجە نۆ خاڵی هەیە لە ریزبەندی 14دێت، ئاڕاڕاتیش بە هەمان خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی 15ـی خولی پلە یەکی کوردستان دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button