
یاریگا –
هەردوو بەرگریکاری باڵ، ژووڵ کوندێ و ئالیخاندرۆ بالدی لە یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید تووشی پێکان بوو و یاریگایان جێهێشت.
بارسێلۆنا یاریزانەکانی کەمیکرد، بەڵام بە بردنەوەی 3-0 لە ئاتلێتیکۆ مەدرید کاریگەرییەکی گەورەی جێهێشت. رافینیا و فلیک دوای یارییەکە گوتیان: “یاریکردن بەمشێوەیە شتی باش بەدوای خۆیدا دەهێنێت”. ئەوە هەستی گشتی بوو دوای یارییەکە، توڕەییەکی زۆر هەبوو بەڵێ، بەڵام هاندەران شانازی بەو شێوازەوە دەکەن کە یاریان پێکرد، بە رەفتاریان و زاڵبوون بەسەر ئاتلێتیکۆیەکی بەهێز بەدرێژایی یارییەکە، تەنانەت دەرفەتی گەیشتیان بە کۆتاییش هەبوو، ئەگەرچی لە یاریی یەکەم لە مێترۆپۆلیتانۆ تووشی شکستێکی قورس بوونەوە.
لەنێو زۆرێک خاڵی ئەرێنی لە یارییەکەوە، ئاستە بەرزەکەی مارک بێرنال، پاو کوبارسی و جێرارد مارتین هەبوو، بینینی پێدریش هەواڵێکی خۆش بوو، کاتێک یارییەکە کۆتایی هات تەواو شەکەت بوو، بەڵام یەکێک بوو لە یاریزانە گرنگەکانی تیمەکەی فلیک.
لە لایەنی نەرێنییەوە دوو پێکان هەبوون، یاریزانی گرنگیشن، چونکە دوو باڵی بەرگری سەرەکین: ئالیخاندرۆ بالدێ و ژووڵ کوندێ. هەردوو یاریزانەکە هەمان پێکانیان هەیە، ماسوولکەی پشتەوەی رانی چەپ، بەتایبەت خوێنبەری ماسوولکەی دووسەر.
کوندێ لە سەرەتای یارییەکە دوای هەستکردن بە ئازار بە ناچاری گۆڕانکاریی پێکرا. بالدێ کە لە شوێنی کوندێ هاتە ناوەوە، لە گێمی دووەم بەناچاری یاریگای جێهێشت و دەموچاوی داپۆشیبوو چونکە دەیزانی پێکانێکی قورسی ماسوولکەیە.
بالدێ تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی نیسان دوور دەکەوێتەوە
بەگوێرەی سپۆرتی کاتالوونی، ئەگەرچی هێشتا ئەنجامی فەرمی پشکنینەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام بالدێ بۆ ماوەی 5-6 هەفتە دوور دەکەوێتەوە و تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی نیسان، دوای پشووی یاریی هەڵبژاردەکان و کەمێک زیاتر ئامادە نابێت. یاریزانەکە پێشووتریش لە هەمان شوێن تووشی پێکان بووە.
کوندێش بە هەمان شێوە بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی مانگێک دوور دەکەوێتەوە، قورسە پێش پشووی یاریی هەڵبژاردەکان بگەڕێتەوە. بەدڵنیاییەوە هەردووکیان لە یارییەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر نیوکاسڵ و یارییەکانی خول بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو، رایۆ ڤایێکانۆ و سێڤییا بێبەش دەبن.
سەبارەت بە بالدێ رەنگە یارییەکانی دوای پشووی هەڵبژاردەکان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئیسپانیۆلیش بەشداریی نەکات. با بزانین پشکنینە پزیشکییەکان چی پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام ستافی پزیشکی خەمڵاندی خۆیان کردووە.



