کاتێک دەخەوتم بەردەوام گوێم لە تەقەکردن دەبوو؛ یاریزانێکی پێشووی ریال مەدرید چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە

یاریگا –
ئیزیکوێل گارای، یاریزانی پێشووی ئەرجەنتینی باس لە چیرۆکی ژیانی خۆی پێش بوون بە یاریزانی پیشەگەر دەکات.
کاتێک خەڵک بیر لە یاریزانێکی تۆپی پێ دەکاتەوە، بەگشتی وێنای ژیانێکی تەواو خۆشگوزەرانی، ئۆتۆمبێلی گرانبەها، خشڵی گرانبەها و گەشتی خەونەکان دەکەن، بەڵام لە زۆرینەی کاتەکان هەمیشە بەو شێوەیە نییە. لە راستیدا زۆرێک لە یاریزانەکان کە دواتر بوون بە ئەستێرە، لە خێزانێکەوە هاتوون کە پارەیەکی کەمیان هەبووە، یاخود هەر نەیانبووە.
دۆخی ئیزیکوێل گارای بەو شێوەیە بووە، زۆرینەی خەڵکی بە سەردامی کاتی یاریکردنی لە ریال مەدرید بیریان دەکەوێتەوە، بەڵام یاریی بۆ یانەی گەورەی دیکەی وەکوو بێنفیکا و ڤالێنسیاش کردووە. پێش هەموو ئەوانە خێزانەکەی دەبوو زۆر بە وریاییەوە بیر بکەنەوە، پێش ئەوەی تەنانەت جووتێک پێڵاوی یارییکردنیشی بۆ بکڕن.
گارای کە ئێستا وازی لە یاریکردن هێناوە، دەڵێت:
ئەو سەرچاوانەی ئێستا هەمانە، ئەو شتانەی ئێستا دەتوانین بە منداڵەکانمانیان ببەخشین، بێگومان باسی خۆم دەکەم، هێشتا خەڵکانێک هەن ناتوانن ئەوە بکەن. هەرگیز بێ پێڵاوی یاریکردن نەبوومە، بەڵام کڕینیان زۆر قورس بوو و قوربانییەکی گەورەی دەویست. کوڕەکەم دەرفەتی ئەوەی هەیە کام پێڵاوەی دەیەوێت هەڵیبژێرێت، من ئەوەم نەبوو، ئەو پێڵاوەم بەکاردەهێنا کە خێزانەکەم دەیتوانی دابینی بکات، بەڵام ئەوە دواتر وایلێکردم پێزانینم هەبێت کە لەگەڵ یاریزانە گەورەکان یارییم دەکرد.
بەرگریکارەکەی پێشووی ئەرجەنتین درێژە بە چیرۆکەکەی دەدات:
ئێمە مرۆڤین و دەبێت ئازار بچێژین تاوەکوو بگەینە ئەو شوێنەی کە تێیداین. خەڵکی دەڵێن؛ تۆ پارەت هەیە، دەتوانیت ئەمە و ئەوە بکەیت. بەڵام نازانم کە کاتێک مندال بووم لە خانووییەکی دارین دەژیام کە بنمیچەکەی تەنەکە بوو لە گەڕەکێک هەژاردا. کاتێک دەچووم بخەوم، لە دەرەوەم گوێم لە تاوان دەبوو، هەموو کاتێک دەنگی تەقەکردن دەهات.



