سێ ئاستەكەی پڕۆتۆكۆڵی فیفا؛ ڤینیسیۆس و جەنگ دژی رەگەزپەرستی
سێ ئاستەكەی پڕۆتۆكۆڵی دژی رەگەزپەرستی چین؟

یاریگا –
ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی شەوی رابردوو لەلایەن یاریزانێكی بێنفیكاوە سووكایەتی پێكرا.
شەوی رابردوو بێنفیكا لە یاریگای خۆیدا میوانداری ریال مەدریدی كرد و یارییەكەش بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی یانەی میوان كۆتاییهات، لە میانی یاریی چوونی قۆناخی پاشكۆی گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
یارییەکە بۆ چەند خولەکێک راگیرا دوای ئەوەی جیانلوکا پریستیانی، یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بێنفیکا، هەندێک قسەی ئاراستەی ڤینیسیۆس کرد.
ڤینیسیۆس جونیۆر لای فرانسیۆس لێتێكسەری ناوبژیوان سکاڵای کرد و رایگەیاند کە سوکایەتی رەگەزپەرستی پێکراوە، ئەمەش بووە هۆی وەستانی یارییەکە و رۆیشتنی یاریزانە بەڕازیلییەکە بەرەو کورسی یەدەكەکانی یانەكەی. دواجار یارییەکە لە ناو کەشێکی پڕ لە گرژیی هاندەرانی بێنفیکادا دەستیپێکردەوە و تا کۆتایی بەو شێوەیە بەردەوام بوو.
Real Madrid vs. Benfica was paused after Vini Jr. told the ref that Benfica’s Gianluca Prestianni allegedly called him a racial slur.
This was following Benfica players confronting Vini Jr. after celebrating his goal. pic.twitter.com/h3BB5hlAzo
— ESPN FC (@ESPNFC) February 17, 2026
>ڤینیسیۆس بە ناوبژیوانی گوتووە كە یاریزانی ئەرجەنتینی سووکایەتی رەگەزپەرستی پێکردووە و بە مەیموون ناوی بردووە. ناوبژیوان دەستبەجێ ئاستی یەکەمی پڕۆتۆکۆڵەکەی کاراکرد و بە هێمای ’یەکتربڕینی دەستەکان’ ئاماژەی پێدا. ئەستێرە بەڕازیلییەکە وەکو هەڵوێستێکی ناڕەزایەتی، بڕیاری دا لەسەر کورسیی یەدەكی یانە شاهانەكە دابنیشێت و رەتیكردەوە یارییبکات تا پڕۆتۆکۆڵەکە جێبەجێ دەکرێت.
سێ ئاستەكەی پڕۆتۆكۆڵی فیفا چین؟
بە گوێرەی رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتێڤۆ، پڕۆتۆكۆڵەكە لە سێ ئاست پێكدێت.
ئاستی یەکەم: ناوبژیوان رووداوە رەگەزپەرستییەکە بە هێمای یەکتربڕینی دەستەکان رایدەگەیەنێت، ناوبژیوان خۆی بڕیاردەرە لە راگرتنی یارییەکە و یارییەكە دەوەستێنێت.
یاریزانی قوربانی، کاپتنی تیمەكە، یان دەستەی تەکنیکی مافی ئەوەیان هەیە هەمان هێما بۆ ئاگاداركردنەوەی ناوبژیوان بەکاربهێنن.
ئاستی دووەم: ئەگەر دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکە رەفتارە رەگەزپەرستییەکان بەردەوام بوون، ناوبژیوان بۆ ماوەیەکی کاتی یارییەکە رادەگرێت و داوا لە هەردوو یانە دەکات بچنە ژووری جلگۆڕین. لەم قۆناخەدا جارێکیتر هۆشداری دەدرێت ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، یارییەکە بە یەکجاری رادەگیرێت.
ئاستی سێیەم: ئەمە قۆناخی کۆتاییە، ئەگەر دوای هەوڵەکانی پێشوو هێشتا رەگەزپەرستی بەردەوام بوو، یارییەکە بە یەکجاری کۆتایی پێدەهێنرێت. ئەم بڕیارەش دوای راوێژكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەزایان دەدرێت.



