شەڕی پشت پەردە و پەیوەندییەکانی پێرێز و ئینفانتینۆ؛ بێرنابیۆ لە میوانداریکردنی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2030 نزیکترینە
بۆچی یاریگاکەی ریال مەدرید بۆ کۆتایی مۆندیال بەربژێری سەرەکییە؟

یاریگا –
هەرچەندە هێشتا چوار ساڵ کات بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2030 ماوە، بەڵام ململانێ و پێشبینییەکان لەسەر شوێنی بەڕێوەچوونی گەورەترین و گرنگترین یاریی پاڵەوانێتییەکە لە ئێستاوە گەرم بوون.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای بڵابوونەوەی چەندین بۆچوونی جۆراوجۆر، وەکوو دەستوەردانی دۆناڵد تڕامپ، سەرۆکی ئەمریکا، یان هەڵمەتێکی سیاسی دژی ئیسپانیا بۆ بەرژەوەندیی مەغریب، بەڵام راستییەکان بە جۆرێکی دیکەن.
España, lógicamente, se está moviendo, pero el que lo ha hecho con anterioridad es el Real Madrid, con Florentino Pérez a la cabeza.
✍️ @jfelixdiaz https://t.co/726GwiVCxH
— Diario AS (@diarioas) July 12, 2026
فیفا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسپانییەکە، فیفا تاوەکوو ئێستا بەفەرمی قۆناخی یەکلاییکەرەوەی پلانی مۆندیالی 2030 دەستپێنەکردووە.
فیفا تەنیا دامەزراوەیە کە دەسەڵاتی بڕیاردانی لەسەر چۆنیەتی پێکهاتەی پاڵەوانێتییەکە هەیە و پێشبینی دەکرێت لەدوای کۆتاییهاتنی ئەم هاوینە بڕیاری کۆتایی بدرێت.
یەکێک لە یەکەمین کارەکان، کەمکردنەوەی لیستی ئەو یاریگایانەیە کە لە سێ وڵاتە میواندارەکە [ئیسپانیا، پۆرتوگال و مەغریب] پێشنیار کراون.
لە چەند رۆژی رابردوو، نوێنەرانی یانە و دامەزراوە ئیسپانییەکان بە داوای فیفا سەردانی یاریگاکانی ئەمریکایان کردووە، ئامانجی ئەم سەردانە بۆ کۆپیکردنی مۆدێلی مۆندیالی 2026 نەبووە، بەڵکوو بۆ تێگەیشتن بوو لە پێداویستییەکانی یاریگا مۆدێرنەکان.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئامەژەی بەوەش کردووە، مۆندیالی 2030 ناسنامەیەکی جیاوازی دەبێت و زیاتر گرنگی بە کلتووری رەسەنی تۆپی پێ دەدات، نەک تەنیا لایەنی رێوڕەسمی و کاتبەسەربردن کە لە یاریگاکانی مۆندیالی 2026 باوە.
بێرنابیۆ بەربژێری یەکەم و سەرەکییە
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، هەرچەندە ئیسپانیا بەتوندی بەرگری لە دۆسییەی خۆی دەکات بەڵام ریال مەدرید زۆر دەمێکە لەپشت پەردەوە و بەنهێنی کاری لەسەر ئەم بابەتە دەکات و فلۆرێنتینۆ پێرێز پەیوەندییەکی راستەوخۆ و نزیکی لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا هەیە، هەر بۆیە لە نێوخۆی فیفا پشتگیرییەکی تەواو هەیە کە یاریی کۆتایی مۆندیالەکە لە یاریگای بێرنابیۆ بەڕێوەبچێت.
ساتەوەختی یەکلاییکەرەوە نزیک دەبێتەوە
وێستگەیەکی دیکەی گرنگ لە ئاداری ساڵی 2027 دەبێت، کاتێک فیفا کۆنگرە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی خۆی لە وڵاتی مەغریب دەکات و ئەگەر هاوسەنگیی هێزی ئێستا وەکوو خۆی بمێنێتەوە، زۆرێک لە بەرپرسانی تۆپی پێ لە ئێستاوە دەزانن یاریی کۆتایی لە کوێ دەبێت.



