
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ستایشی ئاستی رافینیا دەكات و شكستەكەیان بەرامبەر ئاتلێتیكۆ وەكو وانەیەک دەبینێت.
وابڕیارە سبەی دووشەممە جیڕۆنا لە یاریگای خۆیدا میوانداری بارسێلۆنا بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی 24 لالیگای ئیسپانیا.
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەكەیان بەرامبەر جیڕۆنا هانزی فلیک گوتی:
بارودۆخی یانەكە دوای شكستەكەیان بەرامبەر ئاتلێتیكۆ مەدرید چۆنە؟
گرنگترین شت ئەوەیە كە راهێنانەكانی ئەمڕۆ باش بوون، جوڵە و چرییەكی زۆر هەروەها متمانەبەخۆبوونیشیان هەبووە.
یارییەكەی پێنجشەممەمان دۆڕاند و بوو بە وانەیەک بۆمان، بەڵام بەردەوام دەبین، دەبێت شكستەكە قبوڵ بكەین و سەرنجمان لەسەر یاریی بەرامبەر جیڕۆنا بێت.
یانەكە سكاڵای دەربارەی خراپی ناوبژیوان پێشكەشی فێدراسیۆن كردووە، رای تۆ دەربارەی ناوبژیوانان چیە؟
بۆ من گرنگترین شت ئەوەیە سەیری یاریی یانەكەم بكەم، چونكە ئەوە كاری منە بزانم لە رووی بیركرنەوە یاخود شێوازی یارییەوە دەتوانین چی بگۆڕین.
گرنگی بە هیچ شتێكی دیكە نادەم، راستە هەندێک كات بارودۆخ باش نییە، بەڵام دوای یارییەکەی ئاتلێتیكۆ چووم بۆ لای ناوبژیوان و قسەم لەگەڵ کرد بۆ ئەوەی دەربارەی ئەو گۆڵە بپرسم کە بە ئۆفساید هەژمار کرا، گفتوگۆیەکی باشمان هەبوو، بەڵام بە نهێنی دەمێنێتەوە.
دۆڕانەكەمان هەڵەی ناوبژیوان نەبوو، بۆیە دەبێت ئەو شتانە بگۆڕین كە لە توانامادا هەیە.
كاریگەری رافینیا؟
رافینیا زۆر گرنگە، هەمووكات ئەوەم گوتووە، كاتێک ئەو ئامادە نییە هەست بە نەبوونی دەكەین، لەراهێنانەكانیشدا ئاستی جوڵە و خێرایی تیمەكە بەرزدەكاتەوە، زیاتر لە جارێكیش گوتوومە، ئەو باشترین یاریزانی جیهانی وەرزی رابردوو بوو.
رافینیا گەڕاوەتەوە و دەتوانێت بەشداری یارییەكەی سبەی بەرامبەر جیڕۆنا بكات.
ماركۆس راشفۆرد بەشداری یارییەكەی سبەی ناكات.
بارسێلۆنا بە 58 خال لە ریزبەندی دووەمی لالیگای ئیسپانیا دێت.



