
یاریگا –
رۆبێرتۆ مارتینێز هەموو ئەو قسانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن راهێنەرایەتیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کارێکی قورسە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی، مارتینێز ستایشی پیشەگەری و توانای کریستیانۆ دەکات. راهێنەرە بەلجیەکییەکە دەڵێت کوڕەکەی مادێرا نموونەیەکی گەورەی پیشەگەرانەیە، رەوشتی کارکردن و پابەندبوونی بەرزە و پێویستە هەموو یاریزانێک چاوی لێ بکات.
کریستیانۆ هێشتا توانای گۆڵکردنی هەیە و یاریکردنی ئێستای لە پێکهاتەی سەرەکی تەنیا بەهۆی رابردوویەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێستا دەیکات.

لە درێژەی قسەکانیدا مارتینێز باس لە بەردەوامی و خۆگونجاندنی رۆناڵدۆ دەکات لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال؛
کریستیانۆ دوای 21 ساڵ لەگەڵ پۆرتوگال خۆی گونجاندووە، گۆڵکار و یاریزانێکی گرنگە بۆ ئێمە، بۆ من زۆر گرنگە، چونکە یاریزانێکە لە 30 یاریی رابردوودا 25 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکە کردووە.



