
یاریگا –
لێدوانێکی سێر جیم راتکڵیفی هاوخاوەنی مانچێستەر یونایتد شەقامی بەریتانیای هەژاندووە، بەتایبەت لەنێو رەوەندی پەنابەرانی ئەو وڵاتە.
راتکڵیف لە فێبرایەر/شوباتی 2022 بەشێک لە پشکی مان یونایتد (27.7%)ی لە خێزانی گلەیزەرس کڕی و دەسەڵاتی تەواوەتی بۆ بواری تۆپی پێ گرتەدەست. بەهۆی بڕیارە سەیرەکانیەوە بۆ رێگریکردنی لە خەرجی زیادە لە یانەکە، چەندینجار کەوتووەتەبەر رەخنەی توند.
بەشێک لە کارمەندانی مانچێستەر یونایتد ناچارکراون لە توالێت خواردن بخۆن
لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ سکای نیوز، سەرمایەدارە بەریتانیەکە رەخنەی لە سیاسەتەکانی کیێر ستامەری سەرەکوەزیرانی بەریتانیا گرت بەوەی “نەرمونیانە لە پرسی پەنابەران”. لەوەش زیاتر، راتکڵیف خراپبوونی دۆخی ئابووری وڵاتەکەی بەستەوە بە زیادبوونی پەنابەرانەوە لە وڵاتەکەی و وتی “شانشینی یەکگرتوو لەلایەن پەنابەرانەوە داگیرکراوە.”
راتکڵیف راشکاوانە لە باسی وەرزشەوە پەڕیەوە بۆ دۆخی ئابووری وڵاتەکەی و وتی ئەگەر بتەوێ گۆرانکارییەک بەدیبهێنیت، ئەوا دەبێت بۆ ماوەیەکیش “نەخوازراو”بیت. ئەوەشی بە نموونەی مانچێستەر یونایتد هێنایەوە کە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە زۆرەی کردوویەتی لەو یانەیە، بۆ ماوەیەک “زۆر نەخوازراو” بووە. بۆیە پەیامەکەی ئاڕاستەی ستامەری سەرەکوەزیران کرد و وتی دەبێت بوێر بێت لە ئەنجامدانی شتە باشەکان و گوێ نەدات بەوەی “نەخوازراو”بێت.
پێموایە بەریتانیا کێشەی زۆری هەیە و هەموومان دەیبینین. ئابووری، تاوان، خوێندن، تەندروستی و زۆریتر. پێموایە ئەوانە ئێستا لە دۆخێکی باشدا نین. بۆیە ئەگەر دەتەوێ ئەرکە قورسەکان ئەنجام بدەیت، کە شتە باشەکانە، وەک ئەوەی ئێمە لە مانچێستەر یونایتد ئەنجامماندا، ئەوا بۆ ماوەیەک زۆر ناپەسەند دەبیت. خەڵکی زۆر خێرا رابردوو لەبیر دەکەن و بە گۆڕانکارییەکان دڵخۆش دەبن. بۆ نموونە من بەخۆم ئەو ماوەیە زۆر ناپەسەند بووم لە مانچێستەر یونایتد بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە کە کردمان.
بۆیە ئەگەر بتەوێ چارەسەری کێشە گەورەکان بکەیت، وەک پەنابەران، کە خەڵکێکی زۆر دەیانەوێ سوودمەندبن بەبێ ئەوەی کاربکەن بۆ بژێوی خۆیان، دەبێت شتانێکی ناپەسەند ئەنجام بدەیت و هەندێک بوێریی پیشان بدەیت.
لە پرسیاری ئەوەی ئایا کابینەکەی ستامەر ئەو شتانەی نەکردووە، راتکڵیف بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە
نەخێر… نازانم ئەوە ستافەکەیەتی کە رێگەیان بە ستامەر نەداوە ئەنجامی بدات، یان خودی خۆیەتی کە رەنگە زۆر نەرمونیان بێت. بەڵێ کە پیاوێکی باشە و خۆشمدەوێت. بەڵام ئەمە (پۆستی سەرۆکایەتی) کارێکی زەحمەتە و دەبێت هەندێ شتی قورس هەیە ئەنجامی بدات بۆ ئەوەی شانشینی یەکگرتوو بخاتەوەسەر رێچکەی دروستی خۆی. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینم ئابووری لە ساتێکی باشدا نییە. ناشتوانی باشی بکەیتەوە کاتێک 9 ملیۆن پەنابەر هەن و لێی سوودمەند دەبن. هەروا پەیتا پەیتا پەنابەر دێت. بۆیە لای من وای دەبینم بەریتانیا داگیرکراوە، پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێت. بەراستی مەبەستم ئەوەیە وڵاتەکە لەلایەن پەنابەرانەوە داگیرکراوە، ئەی وا نییە؟ لە ساڵی 2020 دانیشتوانی UK تەنها 58 ملیۆن کەس بوو، ئێستا گەیشتووەتە 70 ملیۆن. واتا 12 ملیۆن کەس زیادیکردووە.
Manchester United part-owner has told @EdConwaySky the UK has been “colonised” by immigrants, who are draining resources from the state, as he warns of the country facing profound political, social and economic challenges.
🔗 https://t.co/bie6uFZ1Tp pic.twitter.com/qFpiO0HkfO
— Sky News (@SkyNews) February 11, 2026



