
یاریگا –
بەرپرسانی خولی سعوودی دەرگای رۆیشتن بە رووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەنەوە و شوێنگرەوەیان دەستنیشانکردووە.
چەند رۆژێکە کریستیانۆ بەشداریی راهێنان و یارییەکانی یانەی نەسڕی سعوودی ناکات و پێیوایە بەرپرسانی خولەکە و سندووقی وەبەرهێنانی سعوودی وەک پێویست هاوکاریی دارایی یانەکەیان نەکردووە و یاریزانی گەورەیان نەگواستووەتەوە.
ماڵپەڕی The i paper بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی خولی سعوودی ئامادەن دەستبەرداری رۆناڵدۆ بن، ئەگەر لە هاویندا یاریزانەکە خۆی بیەوێت بڕوات، چونکە پێیانوایە هیچ یاریزانێک لە خولەکە گەورەتر نییە و سەرنجی زیاتریان لەسەر هێنانی یاریزانانی گەنجە.
کوڕەکەی مادێرا تاوەکوو ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەسڕ هەیە و بڕی شکاندنی گرێبەستەکەی 43 ملیۆن پاوەندە.

شوێنگرەوەکانی کریستیانۆ کێن؟
بەگوێرەی سەرچاوەکە، محەمەد سەڵاح بە شوێنگرتنەوەی رۆناڵدۆ دەستنیشانکراوە و وەک بژاردەیەکی بەهێز سەیردەکرێت، هەرچەندە بەم دواییانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لیڤەرپووڵ ئاسایی کردووەتەوە.

هەروەها بڕۆنۆ فێرناندێش، یەکێکی دیکەیە لەو ئەستێرانەی بەرپرسانی خولی سعوودی هەوڵی گواستنەوەی دەدەن و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی یاریزانەکە دەکەن کە لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی بەسەردەچێت.




