
یاریگا –
لیۆنێل مێسی وەکوو چۆن لە چەند چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی پێداوە دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا.
بارسێلۆنا چەند رۆژێکی دیکە پێدەنێتە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەکە، کە لە 15ـی ئادار دەکرێت. هەفتەی داهاتوو خوان لاپۆرتا دەست لەکاردەکێشێتەوە تاوەکوو دەست بە بانگەشەی خۆهەڵبژاردنەوە بکات.
خوان لاپۆرتا یەکێکە لە پاڵێوراوە بەهێزەکان، تاوەکوو ئێستا 3 پاڵوێراو هەن کە دەیانەوێت سەرۆکایەتی یانە کەتەلۆنییەکە لە ئەستۆ بگرن، ئەوانیش بریتین لە ڤیکتۆر فۆنت، چاڤی ڤیلایوانا و مارک سیریا. بەهێزترین رکابەری لاپۆرتا ڤیکتۆر فۆنتە کە لە هەڵبژاردنی رابردوو پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

کەسایەتییەکی سەرەکی لەنێو هاندەرانی بارسێلۆنا هەیە کە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەواوی پڕۆسەکە هەبێت، ئەویش لیۆنێل مێسیی ئەفسانەی یانەکەیە. ماوەیەک لەمەوبەر بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو مێسی گەڕایەوە سپۆتیفای کامپ نۆو و ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاویکردەوە کاریگەرییەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە هەمان کاتدا مشتومڕێکی زۆری دروستکرد سەبارەت بە رۆڵی یاریزانەکە لە هەڵبژاردنەکاندا.

هێزی مێسی
ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە دەنگێکی زۆر رادەکێشێت ئەگەر دەنگ بە یەکێک لە پاڵێوراوەکان بدات، بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا ئەوە روونادات و مێسی تاوەکوو ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەک نیازی نییە بەشداریی ئەو پڕۆسەیە بکات. بیرۆکەی لیۆ بەتەواوی مانەوەیە بە بێلایەنی، بەبێ ئەوەی پاڵپشتی هیچ کەسێک بکات.
گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا
بە تێگەیشتن لە روانگەی مێسی، نایەوێت بەشداریی هەڵبژاردنەکانی بارسێلۆنا بکات، بەڵام لە داهاتوو نیازی گەڕانەوەی هەیە بۆ یانەکە، کە لە رابردوو لە چەندین چاوپێکەوتن باسی کردووە. ئەمە پلانی داهاتووی لیۆیە، بەڵام تاوەکوو ئێستا دیارنییە بە چ رۆڵێک دەگەڕێتەوە، تەنیا ئەوە دەزانرێت کە بڕیاری خۆی داوە، بەدڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بەڵام لەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی نابێت.



