دەستەواژە ناودارەکە؛ لێدانی سزا بۆ ریال مەدرید
دوو هێندەی یانەکانی دیکە لێدانی سزای بۆ گیراوە

یاریگا – سپۆرتی کەتەلۆنی
لێدانی سزا بۆ ریال مەدرید بووەتە دەستەواژەیەکی رادیۆییی بەناوبانگ، ئێستا بووەتە گۆرانی، میم و نووکتە. پێچەوانەی کەیسەکەی نێگرێیرا کە بابەتەکە پارەیە، ئەم مشتومڕە سەرنج دەخاتەسەر ئەوەی لەنێو یاریگادا روودەدات: بڕیارەکانی ناوبژیوان و لێدانی سزا.
ریال مەدرید سەردەمانێکە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە سوود لە بڕیارەکانی ناوبژیوان وەردەگرێت و ئەو گومانانە هێشتاش ماون و بەردەوامن، ئەگەرچی ڤاریش هەیە.

دوای یارییەکەی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر رایۆ ڤاییێکانۆ جارێکی دیکە ئەم مشتومڕە سەری هەڵدایەوە، کاتێک ریال مەدرید لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا بە لێدانێکی سزای گوماناوی، لە رێگەی کیلیان ئێمباپێ یارییەکەی بردەوە.
ریال مەدرید ئەم وەرزە 11 لێدانی سزای بۆ گیراوە، 9 گۆڵی کردووە و 2 لێدانی سزاشی لەدەستداوە. لە کاتێکدا تەنیا 2 گۆڵی بە لێدانی سزا لەسەر کراوە.
ئەم ژمارەیەش بە نزیکەی دوو هێندەی ئەو لێدانە سزایانەیە کە بۆ بارسێلۆنا و جیرۆنا گیراوە، کە هەر یەکێکیان 6 لێدانی سزایان بۆ گیراوە. تیمەکانی دیکە ژمارەی لێدانە سزاکانیان کەمترە و ئەمەش گومانی نوێ لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوان دەهێنێتە ئاراوە.

یەکەم هەفتە، یەکەم لێدانی سزا
لیستی لێدانە سزاکانی ئەم وەرزە بۆ ریال مەدرید لە یەکەم هەفتەوە دەستیپێکرد، بەرامبەر ئۆساسۆنا 1-0 براوە بوون کە ئێمباپێ تۆماریکرد. لێدانە سزاکە لەسەر هەمان یاریزان گیرا، کە ئاشکرا دیاربوو و بڕیارێکی ناپێویست بوو، هەروەها یەکلاییکەرەوەش بوو.

لەو کاتەوە هەفتە لەدوای هەفتە لێدانی سزا گیراوە:
– بەرامبەر لێڤانتێ 4-1: گۆڵی سێیەم کە لەسەر ئێمباپێ گیرا.
– بەرامبەر ڤیاڕیاڵ 3-1: گۆڵی دووەم کە لەسەر ڤینیسیۆس گیرا.
– بەرامبەر بارسێلۆنا 2-1: ئێمباپێ لەدەستیدا.
– بەرامبەر ڤالێنسیا 4-0: یەکەمیان ئێمباپێ جێبەجێی کرد، دووەمیان ڤینی لەدەستیدا کە روون نەبوو.
– بەرامبەر جیرۆنا 1-1: ڤینیسیۆس قاچی لە یاریزانی بەرامبەردا و وایکرد لێدانی سزا بگیرێت، ئێمباپێ گۆڵیکرد.
– بەرامبەر سێڤییا 2-0: گۆڵی دووەم ئێمباپێ کردی، لەسەر رۆدریگۆ گیرا.
– بەرامبەر لێڤانتێ 2-0: گۆڵی یەکەم ئێمباپێ کردی.
– بەرامبەر ڤیاڕیاڵ 2-0: گۆكی دووەم ئێمباپێ کردی.



