ئاندرێ ئۆنانا دەیەوێت بگەڕێتەوە سێریا ئەی
گەڕانەوە بۆ یانەکەی پێشووی سەرەکیترین بژاردەیە

یاریگا –
ئاندرێ ئۆنانا ئارەزووی گەڕانەوە بۆ خولی ئیتاڵیا دەکات و گفتوگۆکانی لەگەڵ یانەیەک دەستپێکردووە.
ئاندرێ ئۆنانا، گۆڵپارێزی کامیرۆنی و یانەی مانچێستەر یونایتد کە ئێستا بە خواستن لە یانەی ترابزۆن سپۆرە، دەیەوێت لە دەرگای یانەکەی پێشوویەوە بگەڕێتەوە سێریا ئەی.
ماڵپەری کاوت ئۆفساید بڵاویکردووەتەوە، ئۆنانا ناگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد و دەیەوێت بە یەکجاری لەگەڵ ئەو یانەیە لێک جیاببنەوە. هاوکات، ئۆنانا بیر لە بژاردەکانی ئیتاڵیا دەکاتەوە بەوپێیەی یانەکانی ئینتەر، رۆما و ناپۆلی گرنگی پێدەدەن، بەڵام لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی تواناکانی ئۆنانادا ئینتەر لە پێش هەموویانەوەیە.

رۆما و ناپۆلی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و گواستنەوەی بۆ یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا وەک ئەگەرێکی بەهێز سەیردەکرێت چونکە لە هاویندا مایڵ سڤیلار، گۆڵپارێز یانەکە بەجێدەهێڵێت.
ئۆنانا لە ساڵی 2023 بە بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ لە ئینتەرەوە پەیوەندی بە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد کرد و لەکۆی 102 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 150 گۆڵی لێکرا و تەنیا 24 کلین شیتی کرد.



