بەرگریکارێک بایرن میونشن بەسەر مانچێستەر سیتیدا هەڵدەبژێرێت
بژاردەی یەکەمی یاریزانەکەیە

یاریگا –
مارک گێی، بەرگریکاری یانەی کریستاڵ پاڵاس، یەکێکە لەو بەرگریکارانەی لەم مێرکاتۆیەدا لەلایەن زۆرێک لە یانەکانەوە کراوەتە ئامانج و هەوڵی گواستنەوەی دەدرێت، کێبڕکێی بەهێزیش لەنێوان مانچێستەر سیتی و بایرن میونشندایە.
بەرگریکارە تەمەن 25 بەهارییەکە، هاوینی رابردوو لەلایەن یانەی لیڤەرپووڵەوە هەوڵی گواستنەوەی دەدرا، بەڵام لەکۆتاییدا بەهۆی مەرجەکانی یانەکەیەوە گرێبەستەکە شکستیهێنا. گرێبەستی گێی لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت و راهێنەری کریستاڵ پاڵاس لە ماوەکانی رابردوو رایگەیاند کە ئەگەر گرێبەستێکیان بە بڕە پارەیەکی باش پێشکەشبکرێت ئەوا هەر لە مێرکاتۆی زستانەدا گواستنەوەکە ئەنجام دەدرێت.
من ساویلکە نیم، ئەگەر گرێبەستێکی گەورەمان لە سیتییەوە بۆ بێت و مارک پێی رازی بێت، ئەوا گواستنەوەکە دەکرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، سیتیزن گرێبەستی پێشکەشکردووە و دەیەوێت هەرچی زووە بەرگریکارە ئینگلیزییەکە بگوازێتەوە ریزەکانی چونکە یانەکە ئێستا بەدەست پێکانی یاریزانانی هێڵی بەرگرییەوە دەناڵێنێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فووت مێرکاتۆ، خودی یاریزانەکە ئارەزوو دەکات یاریی بۆ بایرن میونشن بکات و بەرپرسانی یانەکەش ئاگاداری ئەوەن، بۆیە یانە باڤارییەکە نایەوێت لەم مێرکاتۆیەدا هیچ بڕە پارەیەک لە یاریزانەکە خەرجبکەن و گرێبەستی پێشکەشناکەن، چاوەڕێی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی دەکەن لە هاوینی داهاتوو، تاوەکو بە خۆڕایی بەرگریکارە پۆڵاینەکە پەلکێشی یانەکەیان بکەن.



