
یاریگا –
زەوڕا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر نەسڕ یاریی دەکات و قوقیەش شانازی دەکات بەرامبەر دووەم یاریزانی باشترینی جیهان یاریی دەکات.
لە دوا یاریی کۆمەڵەی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای دوو، چوارشەممە ( 24ـی دیسێمبەری 2025 ) زەوڕا لە سعودیە و لە یاریگای ئەوەل پاڕک کاتژمێر 7ـی شەو رووبەڕووی نەسڕ دەبێتەوە، حەسەن عەبدولکەریم، ئەستێرەی زەوڕا رایگەیاند کە شانازی دەکات بەرامبەر دووەم باشترین یاریزانی جیهان یاریی دەکات.
حەسەن عەبدولکەریم ( قوقیە ) ناوەڕاستکاری زەوڕا، دەربارەی ئامادەکاریان بۆ یارییەکە رایگەیاند:
وەکو یاریزان ئامادەین بۆ یارییەکە، دەستەی راهێنەرانیش بە شێوازێکی جیاواز ئامادەکارییان بۆ ئەم یارییە کردووە، وەستانی خول کاریگەری هەبووە، بەڵام وەکو یاریزانەکانی هەڵبژاردە دەمانەوێت زۆرترین سوود بگەینین، رێز لە نەسڕ دەگرین، بەڵام ئێمە بۆ ناوی زەوڕا یاریی دەکەین، شانازی دەکەم بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی دەکەم کە لای من دووەم باشترین یاریزانی جیهانە لە دوای لیۆنێل مێسی.
لە ئەگەری بانگهێشتکردنی رۆناڵدۆ بۆ یارییەکە، ئاکام هاشم، سێیەم یاریزانی کوردە بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی بکات، پێشووتر هەریەک لە ئاسۆ رۆستەم و ئەحمەد زێڕۆ لە شوڕتە بەرامبەر رۆناڵدۆ یارییان کردووە.
زەوڕا پێویستی بە یەکسان بوون یاخود سەرکەوتنە لە یارییەکە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو، بە پێچەوانەوە بە سەرکەوتنی ئیستقلول دوشانبێی تاجکستانی بەرامبەر گۆوای هیندی و شکستی زەوڕا لە بەرامبەر نەسڕی سعودی ئەوا زەوڕا سەرناکەوێت بۆ قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای دوو و ماڵئاوایی دەکات.
ریزبەندی کۆمەڵەی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دوو




