
یاریگا –
بازیان لە یاریگای خۆی شۆککرا و کۆیەش دوای دوو سەرکەوتن لە بەردەم هاندەرانی دوو خاڵی گرینگی لە دەستدا و لە پێشەنگی خولەکەش مایەوە.
لە گەڕی سێیەمی خولی پلە یەکی کوردستان، چوارشەممە ( 17ـی دیسێمبەری 2025 ) بازیان لە یاریگای خۆی رووبەڕووی کفری بوویەوە، دوای ئەوەی گێمی یەکەم بازیان 1 _ 0 لە پێش یانەی کفری بوو، گێمی دووەم کفری ریمۆنتادای کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 4 _ 2 لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا.
بازیان سێیەم یارییە سەرکەوتوو نابێت و دوو شکست و یەکسان بوونێکی هەیە، لە چاوەڕوانی بڕیاری یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یاریی رابردوویان بەرامبەر شەقڵاوە، بازیان یەک خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 13 دێت، کفریش بە چوار خاڵ هاتە ریزبەندی 10ـی خولەکە.
کۆیە لە یاریگای خۆی دوو خاڵی گرینگی لە دەستدا و دوای دوو سەرکەتن بەبێ گۆڵ لەگەڵ چەمچەماڵ یەکسان بوو، کۆیە حەفت خاڵی هەیە و لە پێشەنگی خولەکە دێت، یاریی داهاتووش دەبێتە میوانی شۆڕجە، چەمچەماڵیش چوار خاڵی هەیە لە ریزبەندی حەفتەمە و گەڕی داهاتووش میوانداری هەولێر دەکات.
وێڕای یەکسان بوونی لە یاریگای خۆی بەرامبەر شێخان بە ئەنجامی 1 _ 1، خاک بەردەوامە لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوە و بە حەفت خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ کۆیە لە ریزبەندی دووەم دێت، خاک یاریی داهاتووی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر زانکۆی جیهان دەکات، شێخانیش کە بە پێنج خاڵ لە ریزبەندی پێنجەم دێت یاریی داهاتوو لە یاریگای خۆی بەرامبەر سێمێل یاریی دەکات.
ریزبەندی یانەکانی خولی پلە یەکی کوردستان دوای تەواوبوونی یارییەکانی گەڕی سێیەم




